لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ترام لە فەرەنسا 20 کەس برینداربوون

گواستنەوەی برینداران لە شوێنی رووداوەکە. وێنە: AFP
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ترام لە تونێلێکدا لە شاری ستراسبۆرگی رۆژهەڵاتی فەرەنسا، لانیکەم 20 کەس بریندار بوون. 
 
پۆلیسی فەرەنسا بڵاویکردەوە، دوو ترام لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەری شاری ستراسبۆرگ بەریەک کەوتوون و تاوەکو ئێستاش هۆکارەکە دیار نییە، بەڵام لێکۆلێنەوەیان دەستپپێکردووە.   
 
میدیای فەرەنسا بڵاویکردەوە، یەکێک لە ترامەکان لە رێڕەوی خۆی دەرچووە و دواتر بەسەر ترامەکەی دیکەدا کەوتووە. 
 
تیمی فریاگوزاریی ستراسبۆرگ رایگەیاند، زیاتر لە 130 کارمەندیان چوونەتە شوێنەکە بۆ هاوکاریکردنی خەڵک و بریندارەکانیشیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە.
 
پۆلیسی ئەو شارەش گوتی، بەهۆی رووداوەکەوە وێستگەکە بۆ چەند کاژێرێک داخراوە. 
 
دوای پاریسی پایتەخت، ستراسبۆرگ یەکێکە لە قەرەباڵخترین شارەکانی فەرەنسا کە لە ساڵی 1994ەوە ترامی هەیە.