کۆچبەرێکی سووریایی لە نۆکەندی ئینگلیز گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی فەرەنسی رایانگەیاند، کۆچبەرێکی سووریایی لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا لە نۆکەندی ئینگلیز گیانی لەدەستداوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەلەمە بچووکەکەیان کون دەبێت، ئاو دەچێتە نێو بەلەمەکە و دواتر ژێرئاو دەکەوێت.
 
رۆژی شەممە 11ی کانوونی دووەمی 2025 بەرپرسانی فەرەنسی لە شاری کالێ رایانگەیاند، ئەمە یەکەم دۆسیەی خنکانە لە نۆکەندی ئینگلیز لە ساڵی 2025دا، ئەمەش دوای ئەوەی بەلەمێکی پڕ لە کۆچبەر کون دەبێت و ژمارەیەک لە کۆچبەرەکان بە مەلەکردن خۆیان دەگەیێننە کەناراوەکانی باکووری فەرەنسا.
 
دوای گەڕان و پشکنینی پاسەوانی دەریایی فەرەنسا، تەرمێک لەنێو بەلەمەکەدا دۆزرایەوە. دواتر دەرکەوت کۆچبەرەکە خەڵکی سووریایە و تەمەنی 19 ساڵە.
 
پۆلیسی فەرەنسی رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەیان لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو کۆچبەرە دەستپێکردووە و ئاماژەش بەوە دەکەن، ئەگەرێکی زۆر هەیە، کۆچبەرەکە بەهۆی پاڵەپەستۆی کۆچبەران لە کاتی خۆ رزگارکردنیان گیانی لەدەست دابێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی فەرەنسا، بەلەمەکە نزیکەی 60 کۆچبەری تێدا بووە. دوای رووداوەکە پۆلیس کۆچبەرێکی سووریایی دەستگیر کردووە، کە تەمەنی 33 ساڵە.
 
بەپێی حکومەتی فەرەنسا، پار لە نۆکەندی ئینگلیز 77 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ساڵی رابردوو بە خوێناویترین ساڵی ئەو رێگەیەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا بۆ کۆچبەران دانراوە.
 
بەڵام رێکخراوەکانی تایبەت بە کۆچبەران رایدەگەیێنن، ژمارەی قوربانییان زیاترە لەو ئامارە فەرمییە و 89 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز خنکاون.
 
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، ساڵی رابردوو 36 هەزار و 800 کۆچبەر چووبوونە بەریتانیا، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2023 نزیکەی %25 زیادی کردووە.