COP29؛ سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتان بڕیار لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەکانی وڵاتان، بەڕێوەبەرانی کەرتی تایبەت و رێکخراوە ناحکومییەکان روویان لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان کردووە، تاوەکو لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا لەچوارچێوەی (COP29)، "بڕیاری گرنگ" بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بدەن.
کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-11-2024) لە باکوو دەستیپێکرد و تاوەکو 22 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، کۆنفرانسەکە بە کۆبوونەوەیەکی گرنگ دادەنرێت بۆ پارەدارکردنی وڵاتانی هەژار بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
پێشبینی دەکرێت لەنێوان 40 بۆ 50 هەزار نوێنەری وڵاتان لەڕێگەی شاندەکانەوە بەشداریی کۆنفرانسەکە بن. شاندەکان پێکدێن لە نوێنەری حکومەتەکان، بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، میدیاکاران، زانا و پسپۆرانی کەشوهەوا، بەڕێوەبەرانی کەرتی تایبەت و نوێنەرانی رێکخراوە ناحکومییەکان.
دیارترین ئەو کەسانەی لە COP29 بەشدار دەبن پێکدین لە ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان، موختار بابایەڤ، سەرۆکی کۆنفرانسەکە و وەزیری ژینگە لە ئازەربەیجان، مارینا سیلڤا، وەزیری ژینگە لە بەرازیل، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان، سیمۆن ستێل، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژینگە، میا مۆتلی، سەرۆکوەزیرانی باربارۆس، ئاجای بانگا، سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی، وپکە هیۆکسترا، کۆمیسیاری ژینگە لە بەریتانیا، لیۆ زهینمین، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگە لە چین، هەروەها پێدەچێت کێر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش ئامادە بێت.
جگە لەوانە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکات و رۆژی دوو شەممە لە باکۆی پایتەختی ئازەربەیجان دەبێت.
ئەگەرچی ساڵانە سەرکردە دیارەکانی جیهان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن، بەڵام ئەمساڵ بەشێکی سەرکردەکانی بەهێزترین ئابوورییەکانی جیهان کە "بەرپرسی سەرەکین لە پیسکردنی ژینگە" بەشداری ناکەن، لەوانە: جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، شی جین پینگ، سەرۆکی چین، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئۆلاڤ شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان.
ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە بریتییە لە رێککەوتنێک لەنێوان لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا و رێگریکردن لە گەرمبوونی زیاتری جیهان.
بابەتی سەرەکیی ئەمساڵی کۆنفرانسەکەش پرسی دارایی و پارەدارکردنە. واتە، ئەو پارەیەی پێویستە بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی کەمداهات و کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، کە یەک تریلیۆن دۆلاریان پێویستە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سەرەکییەکە.
وڵاتانی داهات بەرز، کە وڵاتانی پیشەسازین، بەرپرسیاری سەرەکین لە گۆڕانی کەشوهەوا و بە نزیکەی 77٪ـی گازە زیانبەخشەکان لە لایەن وڵاتە دەوڵەمەندەکانەوە دەردەدرێتە نێو ژینگە.
ئازەربایجانی دەوڵەمەند بە نەوت کە کۆنفرانسەکەی تێدا دەبەسترێت، ژمارەی دانیشتووانی 10 ملیۆن کەسە و لەوەتەی سەربەخۆبوونی لە ساڵی 1991ـەوە، بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە هەناردەکردنی نەوت و گاز بەستووە.
لە کۆپ29 چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 200 وڵات رێکبکەون لەسەر ئەوەی ساڵانە پێویستە چەند پارە لە وڵاتانی دەوڵەمەندەوە بۆ وڵاتانی هەژار تەرخانبکرێت بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
سەنگەر عەبدولرەحمان، نێردراوی رووداو لە باکوو زانیاری لەبارەی کۆنفرانسەکەوە دەدات: