نۆبڵی ئاشتی بە رێکخراوێکی ژاپۆنیی دژە چەکی ئەتۆم بەخشرا
رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ئۆسلۆی نەرویج راگەیێندرا و بە رێکخراوێکی ژاپۆنی بەخشرا کە لەپێناو نەهێشتنی چەکی ئەتۆم دەجەنگێت. هاوسەرۆکی رێکخراوەکە ئیسرائیل و رووسیا وەکو "تیرۆریست" ناودەهێنێت.
رۆژی هەینی، 11ـی ئۆکتۆبەری 2024، خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بە نیهۆن هیدانکیۆ، رێکخراوێكی ژاپۆنی بەخشرا کە گرووپێکی دژە چەکی ئەتۆمە و هاوکاریی بەرکەوتووان و رزگاربووانی هێرشی هێرۆشیما و ناگاساکی دەکات.
رێکخراوەکە، کە لەساڵی 1956 دامەزراوە، خەڵاتەکەی بۆ ئەو هەوڵانە بردەوە کە لەپێناو نەهێشتن و قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆم لە جیهان دا دەیدات. رێکخراوەکە هەوڵی داوە، لە رێگەی شایەتحاڵانەوە چیرۆکی نەهامەتی و کاریگەرییە کوشندەکانی چەکی ئەتۆم لە هێرۆشیما و ناگاساکی بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی گەرەنتی دووبارە بەکارنەهێنانەوەی چەکەکە بکات.
جۆرگێن وۆتن فریدنێس، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی نۆبڵ هەوڵەکانی رێکخراوەکەی بە "ناوازە" ناوبرد کە بوونەتە هۆی دروستکردنی چەمکی "تابووی چەکی ئەتۆم" کە مەبەست لێی ناشرینکردن و سەرکۆنەکردنی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمە.
تۆشیوکی میماکی، هاوسەرۆکی رێکخراوی نیهۆن هیندانکیۆ مەندەهۆشیی خۆی لە بردنەوەی خەڵاتەکە دەربڕی: "هەرگیز خەونیشم بەوەوە نەدەبینی کە ئەمە رووبدات."
میماکی لەدوای بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ، رایگەیاند: "دەگوترێت کە بەهۆی چەکی ئەتۆمەوە ئاشتی لە جیهان بەرقەرار دەبێت، بەڵام چەکی ئەتۆم دەکرێ لەلایەن تیرۆریستانەوە بەکاربهێندرێت. بۆ نموونە، ئەگەر رووسیا لە دژی ئۆکراینا بەکاریبهێنێت، یانیش ئیسرائیل لە دژی غەززە بەکاریبهێنێت، شتەکە لەوێ کۆتایی نایەت. دەبێت سیاسەتڤانان ئەم شتە بزانن."
هاوسەرۆکی رێکخراوی نیهۆن هیندانکیۆ لەبارەی جەنگی غەززە گوتی کە دۆخی منداڵانی غەززە ئێستا وەکو دۆخی منداڵانی ژاپۆنە لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی: "لە غەززە منداڵان خەڵتانی خوێن دەکرێن، هەر وەکو چۆن پێش 80 ساڵ لە ژاپۆن روویدا."
رۆژی 6 و 9ـی ئابی 1945 لە کاتی جەنگی دووەمی جیهان، ئەمریکا بە دوو بۆمبی ئەتۆمی شارەکانی هێرۆشیما و ناگاساکیی ژاپۆنی بۆردوومان کرد. لە ئەنجامدا، 74 هەزار کەس لە ناگاساکی و 140 هەزار کەسیش لە هێرۆشیما گیانیان لەدەستدا. ئەوەش جگە لە زیانە ژینگەیی و کاریگەرییە تەندروستییەکانی لەسەر جەستەی مرۆڤ.
پار خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بە نێرگس محەمەدی بەخشرا کە چالاکڤانێکی ئێرانییە و لە زیندانی ئیڤینی تارانە.
خەڵاتی نۆبڵ میدالیایەکی زێڕ، بڕوانامەیەک و بڕی یەک ملیۆن دۆلاری لەگەڵدایە. رۆژی 10ـی دیسێمبەر کە ساڵیادی کۆچی دوایی ئالفرێد نۆبڵی زانا و داهێنەری خەڵاتی نۆبڵە، بەفەرمی لە ستۆکهۆڵم و ئۆسلۆ رادەستی براوە دەکرێن.
خەڵاتەکە لە ساڵی 1901ـەوە لەسەر دەستی ئالفرێد نۆبڵ، زانای سوێدی داهێنراوە و لە بوارەکانی ئاشتی، کیمیا، فیزیا، ئابووری، پزیشکی و وێژە (ئەدەبیات) دەبەخشرێت. بۆ ئەم ساڵ 286 بەربژێر هەبوون کە 89 لەوانە رێکخراو بوون. ناوەکانیان بە نهێنی دەمێنێتەوە و دوای 50 ساڵ ناوەکان ئاشکرادەکرێن.
براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەلایەن لیژنەیەکی پێنج کەسی نەرویجییەوە هەڵبژێردران و دواتر راگەیێندران.
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی تاکە خەڵاتە کە براوەکانی لەلایەن لیژنەی نەرویجییەوە دەستنیشاندەکرێن، لەکاتێکدا براوەکانی خەڵاتەکانی دیکە لەلایەن لیژنەی سوێدییەوە رادەگەیێندرێن.