فەیسبووک: ئاگاداربن ئەم 400 ئەپلیکەیشنە پاسوۆردەکانتان دەدزن
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مێتا ناوی 400 ئەپلیکەیشنی لە سیستمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بۆیان دەرکەوتووە زانیاریی بەکارهێنەران لەکاتی چوونەژوورەوە بۆ هەژماری فەیسبووک "دەدزن."
فەیسبووک دەڵێت، ئەو زانیارییانەیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار وەکو: توێژەرانی بواری ئاسایش و بڕیاربەدەستان و کۆمپانیاکان هاوبەشی پێکردووە. داواش لە بەکارهێنەران دەکات لەکاتی دابەزاندنی ئەو ئەپلیکەیشنانە "زیاتر ئاگاداربن."
ئەو ئەپلیکەیشنانە لە هەردوو بازاڕی ئەپلیکەیشنەکان لە سیستمی ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید بەردەستن، فەیسبووک دەڵێت: لە شێوەی بەرنامەی دەستکاریکردنی وێنە، ڤی پی ئێن و ئەپلیکەیشنی بازرگانی خۆیان نمایش دەکەن و فێڵ لە خەڵک دەکەن تاوەکو دایانبەزێنن لە مۆبایل و ئامێرەکانیان.
بەشێک لەو ئەپلیکەیشنانە لەم شێوەیەدا لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەردەستن:
- بەرنامەی دەستکاریکردنی وێنە، بەتایبەتی ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن "دەتوانیت خۆت بکەیتە کارتوون."
- ئەو ڤی پی ئێن ـانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن خێرایی لە وێبگەڕەکاندا زیاد دەکەن یان دەتوانی لە رێگەیانەوە وێبسایت و بەرهەمە بلۆککراوەکان ببینیت.
- بەرنامەی جوانکاریی مۆبایل وەکو لایت کە بانگەشەی ئەوە دەکەن هێزی لایتی مۆبایلەکەت زیاد دەکەن.
- ئەو یارییانەی مۆبایل کە بەڵێنی ئەوە دەدەن بەرهەمەکان بەشێوەی 3Dـین.
چۆن خۆمان بپارێزین:
- هەر ئەپلیکەیشنێک لەکاتی بەکارهێنان داوای پاسوۆردی فەیسبووکەکەتی کرد بۆ ئەوەی بتوانی بەکاریبهێنت، لێی دووربکەوەرەوە.
- دڵنیابەرەوە ئەو ئەپلیکەیشنەی بەکاری دەهێنیت ناوبانگێکی باشی هەیە، سەیری ژمارەی ئەو جارانە بکە کە دابەزێندراوە یان بزانە هەڵسەنگاندنی لەلایەن بەکارهێنەرانەوە چۆنە.
چی بکەیت ئەگەر تائێستا ئەو ئەپلیکەیشنانەت دابەزاندووە؟
- پاسوۆردی فەیسبووکەکەت بگۆڕە و پاسوۆردێکی بەهێز دابنێ. هەرگیز ئەو پاسوۆردە لەسەر چەند وێبسایتێک بەکارمەهێنە.
- پشتڕاستکردنەوەی دوو رێگەیی بۆ فەیسبووکەکەت چالاک بکە کە هاوکاریت دەکات هەژمارەکەت زیاتر پارێزراو بێت. بۆ ئەم مەبەستەش ئەپلیکەیشنی پشتڕاستکردنەوەکان بەکاربهێنە.
- تایبەتمەندیی ئاگادارکردنەوە بۆ فەیسبووکەکەت چالاک بکە، بەوشێوەیە هەرکاتێک کەسێک بیەوێت هەژمارەکەت بەکاربهێنێت، ئاگاداردەکرێیتەوە.
بەشێک لەو ئەپلیکەیشنانەی کە فەیسبووک ئاشکرای کردوون:
- Beauty Camera
- Pics Art
-Cartoon Creator
- Mp3 Downloader
- Bamboo VPN
- Fast VPN Proxy
- Free VPN Master
- Business from Instagram
- 4K Camera Hyper Photo Filters
- Hot Sexy Girls
- ToonArt
- Ads Manager for Meta
- Smart SMS Messages
- Drift Speed Racing Game
- Torch VPN Proxy
- Touch VPN Master
- Female Fitness
- Tea Bag Camera