زیلینسکی: رووسیا دەیان مووشەک و درۆنی شاهێدی ئێرانی لە هێرشەکەی کیێڤ بەکارهێناوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بۆردوومانی رووسیاوە بۆسەر شاری کیێڤ، 10 کەس کوژران و 60 کەسیش برینداربوون. جگە لەوەش زیان بە چەندین باڵەخانە، ئۆتۆمبێل و شەقام کەوت. سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، رووسیا دەیان مووشەک و درۆنی ئێرانی لە هێرشەکەدا بۆسەر کیێڤ بەکارهێناوە.
رووسیا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ. ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزیری بەرگریی رووسیا دەڵێت، "سوپای رووسیا هێرشێکی ئاسمانیی چڕی بۆسەر بارەگا سەربازییەکان، پەیوەندییەکان و ژێرخانی وزە کرد. هێرشەکە لە رێگەی مووشەکی دوورمەودا و چەکی پێشکەوتووەوە ئەنجامدراوە. هێرشەکان ئامانجی پێکا و هەموو ئامانجەکان تەقێندرانەوە."
بەهۆی بەهێزیی مووشەک بارانەکەوە بەشێک لە شوشەی باڵەخانەکانی نزیک شوێنەکەش ورد و خاش بوون. سەرۆکی ئۆکراینا گوتی کە دەیان مووشەک و درۆنی شاهیدی ئێران بەکارهێندراون لە هێرشەکاندا بۆسەر کیێڤ.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، "ئەوان بەدوای دروستکردنی ناسەقامگیری و دڵەڕاوکێدا دەگەڕێن. یەکەم، دەیانەوێت زیان بە سیستمی وزەی ئۆکراینا بگەیێنن. دووەم دەیانەوێت زیان بە خەڵکی بگەیێنن. ئەوان لەو کاتانەی کە هێرش دەکەن، ئەو شوێنانەی کە دەیکەنە ئامانج لە رێگەیەوە دەیانەوێت پشێوی دروستبکەن. ئیمە ئۆکراینین، هاوکاری یەکدی دەکەین. ئێستا ناسەقامگیری لە بوونی کارەبا هەیە، بەڵام هەرگیز ناسەقامگیری لە سەرکەوتنی ئێمەدا نابێت."
بە گوێرەی نوێترین ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە دەستپێکی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا تاوەکو ئێستا شەش هەزار و 114 کەس کوژراون و نۆ هەزار و 132 کەسیش برینداربوون. لەو ژمارەیەش، لەو ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی ئۆکراینا دوو هەزار و 470 کەس کوژراون و چوار هەزار و 249 بریندار بوون. زۆرینەی کوژراو و بریندارەکان بەهۆی هێرشی ئاسمانییەوە بووە.
بەپێی خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکانی کیێڤ، بەهۆی هێرشەکەی دوێنێی رووسیا بۆسەر کیێڤی پایتەخت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 کەس کوژراون و 60 کەسیش برینداربوون.
بەگوتەی حکومەتی ئۆکراینا، هێزەکانی رووسیا بە 75 مووشەک کیێڤ و شارەکانی باشوور و رۆژئاوای ئۆکراینایان کردووەتە ئامانج؛ لەو ژمارەیە، 41 مووشەکیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئۆکرایناوە خراونەتە خوارەوە و 34 مووشەکیان ئامانجیان پێکاوە.