نۆبڵ.. ئەو پیاوەی دینامیتی داهێنا و ئافرەتێک ناچاریکرد خەڵاتی ئاشتی ببەخشێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو، سەرجەمی خەڵاتەکانی نۆبڵ، لە بوارە جیاوازەکانی داهێنانی زانستی و ئەدەب و ئاشتی جیهاندا دابەشکران. یەکێک لە دیارترین نۆبڵە بەخشراوەکانی ئەمساڵ، کە دوا خەڵاتی بەخشراوی ئەمساڵ بوو، بۆ رێکخراوی خۆراکی جیهانی، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. لە کاتێکدا نۆبڵی ئەدەبی بە خاتوو لویز گلیکی شاعیری ئەمریکی بەخشرا.
 
هەموو ساڵێک خەڵاتەکانی نۆبڵ، کە ژمارەیان 6 خەڵاتە، لە بوارەکانی ئاشتی، پزیشکی، ئەدەب، فیزیا، کیمیا و ئابووریدا دابەشدەکرێن. خەڵاتەکە بەناوی ئەلفرێد نۆبڵ، زانای کیمیایی سوێدییەوەن.
 
هەڵگرانی خەڵاتی نۆبڵ، دەبنە مایەی شانازی بۆخۆیان و ئەو کۆمەڵگایانەی لێوەی هاتوون، ناویان لە مێژوودا تۆمار دەکرێت و لە ناوەندە نێودەوڵەتییە جیاوازەکاندا، رێزی زۆریان لێدەنرێت.
 
منداڵە برسییەکە چۆن خۆی ژیا؟
 
خەڵاتی نۆبڵ، لەلایەن ئەلفرێد نۆبڵ، زانای سوێدییەوە داهێنراوە، هەر بەناوی ئەویشەوە دابەشدەکرێت. ئەو ساڵی 1833 لە ماڵباتێکی هەژار، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد لەدایکبووە، لە تەمەنی 9 ساڵیدا لەگەڵ ماڵباتەکەی رووی لە شاری سانت پیتەرسبۆرگی رووسی کردووە، ئەمەش لەبەرئەوەی باوکی لەو شارەدا کارێکی دەستکەوت، کە کارکردن بوو لە بواری دروستکردنی تەقەمەنی بۆ نیکۆلای یەکەم، قەیسەری ئەوکاتی رووسیا.
 
کارە نوێیەکەی باوک و گواستنەوە بۆ پیتەرسبۆرگ، کەمێک لە دۆخی خراپی دارایی ماڵباتەکەی باشکرد، رێگەی بۆ ئەلفرێد کردەوە، بچێتە بەر خوێندن.
 
ئەو منداڵێکی نائاسایی بوو، لە ساڵانی یەکەمی خوێندنیدا زۆر زوو لە چەندین بواری جیاوازدا لێهاتوویی خۆی پێشاندا، بەتایبەت لە زانستە سروشتییەکاندا، لە نێویاندا کیمیا، ئەمە جیا لە قسەکردنی بەچەندین زمانی جیاواز، وەک ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، رووسی و بێگومان زمانی دایکیش کە سوێدی بوو.
 
کاتێک تەمەنی بووە 17 ساڵ، چووە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و دواتر رووی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد بۆ خوێندنی کیمیا، لەوێ یەکەم مافی داهێنانی پێدرا، کاتێک ساڵی 1857 پێوەری غازی داهێنا.
 
دینامێت.. ئەو داهێنانەی مێژووی گۆڕی
 
لەدوای دۆڕانی رووسیا لە جەنگی کریمیا لە بەرامبەر دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی 1856 و مردنی قەیسەر نیکۆلای یەکەم، قەیسەری نوێی ئیمپراتۆریەتی رووسیا، ئەلیکساندەری دووەم، بڕیاریدا چیدی پشت بەبەرهەمهێنانی ئەو تەقینەوانە نەبەستێت کە باوکی ئەلفرێد دروستیدەکرد. ئەم بڕیارە ماڵباتەکەی ناچارکرد بگەڕێتەوە سوێد بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی ژیان لەوێ.
 
لەوێ باوکی نۆبڵ، توانی سوپای سوێد رازیبکات، پشتگیری بکەن لە پیشەسازیی مووشەکێکدا کە خۆبەخۆ دەڕوات، ئەمە جیا لە باشترکردنی پیشەسازی مادەی نیترۆگلیسیرینی شل، کە دەتەقییەوە و ساڵی 1847 یەکێک لە هاوڕێکانی پێشووی نۆبڵ دایهێنابوو، بەناوی ئیسکانیۆ سۆپریرۆ.
 
لەدوای رازیبوونی سوێدییەکان، بە کارکردنی باوکی لەگەڵیاندا، نۆبڵیش دەستیکرد بە هاوکاریکردنی باوکی لە پیشەسازیی دروستکردنی نیترۆگلیسیرین و دۆزینەوەی رێگەی نوێ، بۆ بەکارهێنانی لە مووشەکەکاندا.
 
لەماوەی چوار ساڵ کاری بەردەوامدا، زانا سوێدییەکە ساڵی 1863 گەیشتە گۆڕینی ئەو مادە شلەی تەقینەوە بۆ دەنکۆکەی بچووک کە بەکارهێنانی ئاسان بێت، ئەمە جیا لە دۆزینەوەی ئاگرپرژێن، کە دواتر پێکەوە بە 'دینامیت' ناوبران، داهێنانێک کە مەزنترین داهێنانی ئەو سەردەمە بوو لە بواری تەقینەوەدا، ئەو داهێنانە ساڵی 1867 بەناوی نۆبڵەوە تۆمارکرا.
 
لەماوەی ژیانیدا، نۆبڵ مافی 300 داهێنانی وەرگرتووە و بەناویەوە کراوە، لە نێویدا جەلاتینی ئاگردار کە بە 'جلجنیت' ناسراوە و هەمان هێزی تەقینەوەی دینامیتی هەیە، ئەمە جیا لە بالتسیتی بێ دووکەڵ، کە وەک مادەیەکی تەقینەوەی بێ دوکەڵ تائێستا لە مووشەکەکاندا بەکاردەهێنرێت.
 
سەرکۆنەیەک نۆبڵی ئاشتی لێوە داهات
 
ساڵی 1888 نۆبڵ، سەرکۆنەیەکی خۆی لە رۆژنامەیەکی فەڕەنسیدا خوێندەوە، کە بەهەڵە ناوی لۆڤگیگی برای ئەو کە بە 'رۆکڤلەری رووسی' بەناوبانگ بوو و لە شاری کانی فەرەنسی مردبوو، بە 'بازرگانی مەرگ' ناوبردبوو، ئەمەش بەهۆی دۆزینەوەی دینامێتەوە.
 
ئەو سەرکۆنە و نازناوە هەڵەیە، هانی ئەلفرێد نۆبڵی دا بۆ پێداچوونەوە بەخۆیدا و بیرکردنەوە لە هەموو ئەو داهێنان و دۆزینەوانەی کردوویەتی، لە کاتێکدا هیچ کامیان لە یادەوەری مرۆڤدا وەک داهێنانێکی باش نامێننەوە. ئەوکات، نۆبڵ بڕیاری دا زۆرینەی ئەو سامانەی لە دروستکردنی تەقەمەنییەکان و داهێنانەکانیدا بەدەستیهێنابوو، ببەخشێت بۆ دامەزراندنی خەڵاتێکی ساڵانە کە بدرێتە ئەو کەسانەی کاریگەرییەکی باش لەسەر مرۆڤایەتی بەجێدەهێڵن.
 
ساڵێک بەرلەوەی کۆچی دواییبکات، واتە لە 1895دا، نۆبڵ لە وەسیەتنامەکەیدا داوایکرد 5 خەڵاتی دیکەی ساڵانە لە بوارەکانی (کیمیا، فیزیا، ئەدەب، پزیشکی و ئاشتیدا) بدرێتە کەسانی پسپۆری ئەو بوارانە و هەر براوەیەکی ئەو خەڵاتانە، ئەو کەسانەبن کە لە بوارەکانی خۆیاندا داهێنانیان لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا کردووە.
 
خەڵاتەکە بریتیبوو لە بڕێک پارە، پارەکەش لەو سامانە زۆرەی خۆی دەبەخشرا کە هەیبوو، بەتایبەت کە تاوەکو ئەوکات هاوسەرگیری نەکردبوو و میراتگری نەبوو.
 
هەرچی خەڵاتی نۆبڵی زانستە ئابوورییەکانە، ساڵی 1969 بووە شەشەم خەڵاتی، زنجیرەی خەڵاتەکانی نۆبڵ، هەرچەندە ئەو خەڵاتە لە وەسیەتنامەکەی نۆبڵدا نییە.
 
ئەو زانا کیمیاییە، کاتێک ساڵی 1896 کۆچی دواییکرد، سامانێکی بەبەهای 300 ملیۆن دۆلاری ئێستا لەپاش بەجێما، ئەوە بووە بنەمای خەڵاتەکانی.
 
ئەو ئافرەتەی سەرنجی نۆبڵی خستە سەر ئاشتی
 
بێگومان ئەو هۆکارانەی بوونە پاڵنەری نۆبڵ بۆ دامەزراندنی خەڵاتەکانی تایبەت بە پزیشکی، کیمیا، فیزیا و ئەدەب روونە و دیارە لەپێناو خزمەتکردنی مرۆڤایەتیدایە، بەڵام بنەمای لۆژیکی بۆ دروستکردنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، کەمتر روونە.
 
هەندێک لە زانایان پێیانوایە، هۆکاری سەرەکی بەخشین و دامەزراندنی نۆبڵی ئاشتی، بۆ پەیوەندییەکی سۆزداری نۆبڵ لەگەڵ ئافرەتێکی نەمساوی دەگەڕێتەوە، کە ناوی بێرسا فۆن سۆتنەر بووە.
 
چیرۆکی پەیوەندییە سۆزدارییەکە، بۆ ئەوکاتە دەگەڕێتەوە کە نۆبڵ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بوو و ئەوکات لە رۆژنامەیەکدا، ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە بۆ دۆزینەوەی ئافرەتێکی سکرتێر کە "پێگەیشتوو، چەند زمانێک بزانێت و وەک سکرتێر و کارگوزاری ناوماڵ کاربکات".
 
سۆتنەر لەلای نۆبڵ دەستی بەکارکرد بۆ ماوەی دوو ساڵ، بەرلەوەی دەستلەکارەکەی هەڵبگرێت لەپێناو شووکردن بە کوڕی یەکێک لە ماڵباتە خانەدانە دەوڵەمەندەکانی نەمسا.
 
سۆتنەر کە نووسەر و بانگخوازی ئاشتی و رۆژنامەڤانیش بوو، لە دوای شووکردنیش، پەیوەندی لەگەڵ نۆبڵدا مایەوە و هەموو کات لە نامەکانیدا تاوەکو مردنیشی، هەر داوای لێدەکرد ئاشتیخواز بێت و هانیدەدا بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتی لە جیهاندا، هەرلەبەرئەوەیە زۆرینەی بۆچوونەکان لەسەرئەوە کۆکن کە ئەو خاتوونە، هاندەری سەرەکی نۆبڵ بووە لەپێناو دامەزراندنی نۆبڵی ئاشتیدا.
 
ساڵی 1905، پێرسا فۆن سۆتنەر بووە یەکەم ئافرەت کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت، هەروەها دووەم ئافرەتی ئەوکاتی دونیا بوو، نۆبڵ بباتەوە پاش ماری کۆری، زانای فیزیا، کە ساڵی 1903 لەگەڵ بیار کۆری هاوسەریدا، نۆبڵی فیزیایان بەدەستهێنا.
 
یەکەمین براوەکانی نۆبڵ لە مێژوودا
 
دابەشکردنی خەڵاتەکانی نۆبڵ، دوای کۆچی دوایی زانا سوێدییەکە بە 5 ساڵ دەستیپێکرد، واتە ساڵی 1901، ئەوەش کاتێک ئاهەنگێکی گەورەی مۆزیک لە ئەکادیمیای شاهانەی مۆزیک لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد رێکخرا.
 
ئەوکات فیلهلم کۆنراد رۆنتیگنی ئەڵمانی، یەکەم کەسبوو خەڵاتی نۆبڵی فیزیا بەدەست بهێنێت، ئەمەش پاش دۆزینەوەی تیشکی سینی کە ئاسۆی نوێی لەبواری فیزیا و پزیشکیدا کردەوە.
 
هەمان ساڵ، یاکۆبس ڤانت هۆڤی هۆڵەندی، یەکەمین خەڵاتی نۆبڵی کیمیای بەدەستهێنا دوای دۆزینەوەی یاساکانی تایبەت بەبەکارهێنانی دینامێت و گوشاری ئەسمۆزی شیتەڵییەکان (پێوەری میل)، ئەمە جیا لە هاوکێشەی دینامیکیای گەرمی کیمیایی.
 
هەرچی یەکەم خەڵاتی نۆبڵی پزیشکییە، درایە ئیمیل ڤۆن بهێرنگ، کە لوولەی رزگارکردنی نەخۆشی خنکان و گەزازی دۆزییەوە.
 
لەکاتێکدا رینێ سۆلی فەرەنسی، بووە یەکەم براوەی نۆبڵی ئەدەب لە مێژوودا، بەنوێکەرەوەی شیعر لە رێگەی وەستانەوە بەرامبەر مەزهەبی رۆمانسیی دێرینەوە، کە پێیوابوو بەرجەستەکەرێکی نەشیاوی هەست و سۆزە رووکەشەکانە، لەگەڵ پشتگیری مەزهەبی پرەنسی کە بەرجەستەکەری راستەقینەی مانا و هۆشە.
 
هەرچی یەکەم نۆبڵی ئاشتییە لە مێژوودا، بەدوو کەس درا، کە بریتیبوون لە جان هێنری و فریدرێک باسی فەرەنسی، ئەمەش بەهۆی خزمەتە زۆرەکانیان لەپێناو ئاشتی لە جیهاندا، وەک دامەزراندنی دەستەی نێودەوڵەتی هەمیشەیی بۆ ئاشتی، هەروەها کۆمەڵەی هاوڕێیانی فەرەنسی بۆ ئاشتی و لیژنەی خاچی سوور.
 
براوەکانی نۆبڵ، نزیک لە ئێمە..
 
لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیک لە کوردستان، چەندین کەسایەتی دیار خەڵاتی نۆبڵیان بە بەشە جیاوازەکانییەوە بردووەتەوە، بەڵام بەبەراورد بە مێژووی درێژی ساڵانەی خەڵاتەکە تائێستا ژمارەی براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ لەم ناوچەیەدا، یەکجار کەم و دەگمەنن.
 
یەکەمین کەس کە نۆبڵی لە باکووری ئەفریقیادا بردەوە، ئەنوەر سادات، سەرۆکی پێشووتری میسر بوو. سادات ساڵی 1978 بەهاوبەشی لەگەڵ مەناحم بیگن، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نۆبڵی ئاشتی پێدرا، ئەمەش لە دوای واژۆکردنی یەکەم رێککەوتنی ئاشتی وڵاتانی ناوچەکە، لەگەڵ ئیسرائیلدا. 
 
سادات یەکێکبوو لە ئازاترین سەرکردەکانی ناوچەکە کە هەرزوو ئاشکرایکرد جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل هیچ ئەنجامێکی جگە لە ماڵوێرانی لێناکەوێتەوە. ئەو دەستپێشخەریی ئاشتی کرد لەگەڵ ئیسرائیلدا و رایگەیاند: "ئامادەم بەپێ بچمە کنێستی ئیسرائیل، لەپێناو بەدەستهێنانی ئاشتیدا". 
 
واژۆکردنی رێککەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل، وایکرد لەو کاتەوە تائێستا هەردوو وڵات لە بەریەککەوتن و جەنگی سەربازیی نێوانیان دووربن، لە کاتێکدا دوو وڵاتی هاوسنوورن. سادات باجی ئەو ئازایەتییەی دا و لە 6ی تشرینی یەکەمی 1981دا، لە کاتی ئامادەبوونی لە نمایشیکی سەربازیی سوپای میسردا، لەلایەن چەکدارە ئیسلامییەکانەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە و تیرۆرکرا. دواتر ئاشکرابوو بکوژی سادات، خالید ئیسلامبولی گەورە تیرۆریستی میسری بوو.
 
دووەم سیاسەتمەداری ناوچەکە کە خەڵاتی نۆبڵی پێدرا، یاسر عەرەفاتی سەرکردەی فەلەستینی بوو، عەرەفات بەهاوتای ئیسحاق رابین، سەرۆکی پێشووتری ئیسرائیل و شیمۆن پێرێز، وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئیسرائیل، ساڵی 1994 پێکەوە نۆبڵی ئاشتییان وەرگرت، پاش رێککەوتنی مێژوویی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین.
 
لە بواری ئەدەبیدا، خەڵاتی نۆبڵ چەندینجار دراوەتە نووسەر و داهێنەرانی ناوچەکە، نەجیب مەحفوزی نووسەری میسر، یەکەم نووسەری ناوچەکە بوو خەڵاتەکەی وەرگرت لە ساڵی 1986دا، دواتر ئۆرهان پاموک، نووسەری دیاری تورکیا، هەمان خەڵاتی پێدرا لەسەر داهێنانە ئەدەبییەکانی و رۆمانە نایابەکانی. سەرجەمی بەرهەمە ئەدەبییەکانی پاموک کراونەتە کوردی و ئەو یەکێکە لە داکۆکیکاران لە مافەکانی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان.
 
محەمەد بەرادعی میسری، کە سەردەمانێک سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بوو، هەمان خەڵاتی وەرگرت، بەهۆی رۆڵی لە سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا، دواتر ئەحمەد زوێل، زانای کیمیاناسی میسری، خەڵاتی نۆبڵی کیمیای پێدرا دوای داهێنانەکانی لە بواری کیمیادا.
 
تەوەکول کرمان، ساڵی 2011 بووە یەکەم ئافرەتی ناوچەکە، خەڵاتی نۆبڵی پێبدرێت، بەهۆی دامەزراندنی رێکخراوی "رۆژنامەڤانە کچە بێسنوورەکان" لە یەمەن و رۆڵی ئەو رێکخراوە لە شۆڕشی یەمەندا، کە بووە هۆی لابردنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لەسەرۆکایەتی وڵاتەکە.
 
لە تونس چوار رێکخراوی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، بەهۆی رۆڵی کارایان لە گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات لە سەردەمی زینولعابدین بن عەلی، سەرۆکی پێشووی وڵات بۆ هێزە شۆڕشگێڕەکانی تونس، کە ئەویان لەدەسەڵات دوورخستەوە و رێگەیان نەدا پشێوی و جەنگی ناوخۆیی لە وڵاتەکەدا بەرپا ببێت، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان پێدرا.
 
نادیە موراد، کوردی ئێزدی، کە یەکێکبوو لە قوربانییانی دەستی داعش لە عێراقدا، ساڵی 2019 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێدرا بەهۆی رۆڵی بەرچاویەوە لە گەیاندنی ئازار و مەینەتییەکانی کوردی ئێزدی بە جیهان.
 
نادیە کە پێشتر لەسەردەستی چەکدارانی داعش رووبەڕووی چەوساندنەوە و دەستدرێژی بووبووەوە، بەهای دارایی خەڵاتەکەی بەخشییە دروستکردنی نەخۆشخانەیەک لە شاری شنگال، بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئافرەتە ئێزدیانەی لەلایەن چەکدارانی داعش رووبەڕووی دەستدرێژی و ئەشکەنجەدان بوونەتەوە.
 
بۆچی نۆبڵی ئەمساڵ بەرێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان درا؟
 
نۆبڵی ئاشتی بۆ ئەمساڵ، بەخشرایە پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، کە یەکێکە لە رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. بەخشینی ئەو خەڵاتە بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە بەپێچەوانەی زۆرینەی پێشبینییەکانەوە بوو.
 
نوێنەرانی ئەکادیمیای نۆبڵ ئاشکرایانکرد، هۆکاری بەخشینی خەڵاتەکە بەو رێکخراوە، لەپای هەوڵەکانی قەڵاچۆکردنی برسیەتی بووە لە جیهاندا، کە ئەو رێکخراوە پێشەنگایەتی دەکات.
 
سەرچاوەکان دەڵێن رێکخراوی خۆراکی جیهانی، هاوکاری 97 ملیۆن کەس لە 88 دەوڵەتی جیهاندا دەکات، کە زیانمەندی ململانێ و شەڕەکانن لەسەرانسەری جیهاندا.
 
ئەو رێکخراوە پێشتر ئاشکرایکردبوو، لە هەر 9 کەس لە جیهاندا، یەکێکیان خۆراکی پێویستی رۆژانەی خۆی دابین ناکات و برسییە.
 
بیریت ئاندرسن، سەرۆکی لیژنەی نۆبڵی ئاشتی، ئاشکرایکرد: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستی بەهاوکاری و هاوئاهەنگی هەمووان هەیە بۆ نەهێشتنی برسیەتی لە جیهاندا".
 
ژمارەی پاڵێوراوانی نۆبڵی ئاشتیی ئەمساڵ، 318 کەسایەتی و دامەزراوە و رێکخراوبوون، لە نێویاندا 107 رێکخراوی جیاوازی بوارە مرۆییەکان.
 
دیارترین بەربژێرانی ئەمساڵ بریتیبوون لە فەوزیە کوفی، چالاکڤانی بەرگریکەر لە مافەکانی ئافرەتانی ئەفغانستان. ئانتۆنیۆ گۆتیرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئانجێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئاڵا سەڵاح، سیمبولی شۆڕشی سوودان و رێکخراوی تەندروستیی جیهان.
 
بەهای دارایی خەڵاتی نۆبڵ
 
پێشتر ئەکادیمیای نۆبڵ بۆ هەر براوەیەکی خەڵاتی نۆبڵ، بڕی 900 هەزار دۆلاری ئەمریکی دەدایە براوەکان، بەڵام ساڵی 2017 بەهای دارایی خەڵاتەکەی بۆ 1.12 ملیۆن دۆلار زیادکرد.
 
بەرلەو زیادکردنە، ئەکادیمیای دابەشکەری خەڵاتەکە، بڕی 9 ملیۆن کرۆنی سوێدی کە بەرامبەر بە 900 هەزار دۆلاری ئەمریکی بوو، دەدایە براوەی خەڵاتەکان، بەڵام دواتر وەک ئەکادیمیاکە رایگەیاند، بەرزبوونەوەی داهاتەکانی و باشبوونی دۆخی دارایی ئەکادیمیاکە، وایکرد بڕی خەڵاتەکان بۆ زیاتر لە ملیۆنێک و سەد هەزار دۆلاری ئەمریکی بەرز بکەنەوە.
 
سەرجەم خەڵاتەکانی ساڵانەی نۆبڵ، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد دابەشدەکرێن، تەنیا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی نەبێت کە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج دابەشدەکرێت.
 
خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ، جیا لە میدالیایەکی زێڕ و بڕوانامەیەک، (پێشتریش هەموو ساڵێک دراوەتە براوەکان)، بڕی دە ملیۆن کرۆنی سوێدی بوو بۆ هەر براوەیەک، کە دەکاتە نزیکەی 950 هەزار یۆرۆ، زیاتر لە ملیۆنێک و سەد هەزار دۆلاری ئەمریکی.