پۆلیسی مالیزیا: 402 منداڵمان رزگارکردن کە دەستدرێژی سێکسی و جەستەییان کرابووە سەر

رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی مالیزیا رایگەیاند، 402 منداڵیان لە سەنتەرەکانی چاودێریی منداڵ دەستدرێژی سێکسی و جەستەییان کراوەتەسەر، بەو هۆیەوە 170 کەسیان دەستگیر کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 11ی ئەیلوولی 2024، رەزارودین حوسێن، پشکنەری گشتیی پۆلیسی مالیزیا رایگەیاند، 402 منداڵیان لە سەنتەرەکانی چاودێریکردنی منداڵان لە هەرێمەکانی سەلانگۆر و نەگری سەمبلن رزگارکردووە کە تەمەنیان لەنێوان ساڵێک بۆ 17 ساڵ بووە. دواتر منداڵەکان گوێزرانەوە نەخۆشخانەکانی پایتەخت بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت.
 
ئەو بەرپرسەی پۆلیس دەشڵێت، هەزار پۆلیس بەشداری ئەو هەڵمەتەیان کردووە و 170 کەسیش بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵەکان دەستگیرکراون کە بەشێکیان مامۆستای ئایینی بوون. 
بەگوێرەی پۆلیسی مالیزیا، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە، بەشێک لەو منداڵانە دەستدرێژی سێکسی و جەستەییان کراوەتە سەر.
 
پشکنەری گشتیی پۆلیسی مالیزیا ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو کارانەی بەرامبەریان کرابوو "قوربانییەکان تووشی نەخۆشی ببوون و رێگەیان پێنەدرابوو سەردانی کلینیکەکان بکەن". جەختی لەوەش کردەوە، بەشێک لە منداڵەکان بە کەوچک دەستیان داخ کرابوو.
 
زیاتر لە پێنج هەزار سەنتەری چاودێریی منداڵان لە مالیزیا هەن.