لەسەر داوای کچە کوردێک زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی کۆرسی زمانی کوردی دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی سێشەممە 12-09-2023، کۆرسی زمانی کوردی لە زانکۆی هارڤارد بە بەشداریی سێ خوێندکار دەستپێبکات لە ویلایەتی ماسەچوسێتس، کۆرسەکە لەسەر داوای کچە کوردێک کراوەتەوە و بە زاراوەی سۆرانی دەبێت.
 
دەلال مازن، خوێندکارێکی کوردی لەدایکبووی ئەمریکایە، دەلال بەهۆی ئەوەی لە ئەمریکا لەدایکبووە، وەکو خۆی دەڵێت، نەیتوانیوە زمانی کوردی فێرببێت؛ بۆیە ئەو خوێندکارە کوردە داوای لەو زانکۆیە کردووە، کۆرسی زمانی کوردی بکاتەوە بۆ خوێندکاران.
 
دەلال بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد، داواکاریی پێشکێشی زانکۆکە کردووە، دوو مانگ بەدوای پرۆفیسۆرێک گەڕاون تاوەکو بتوانێت وانەی کوردی بڵێتەوە، لە کۆتاییدا پرۆفیسۆرێکیان بەناوی (پرۆفیسۆر ئەحمەد محەممەد پوور) دۆزیوەتەوە، بڕیارە رۆژی سێشەممە 12ی ئەیلوول کۆرسەکە لە زانکۆی هارڤارد دەستپێبکات.
 
ئەو خوێندکارە کوردەی لەدایکبووی ئەمریکا، بنەماڵەکەی خەڵکی هەڵەبجەن، خۆی و دوو خوێندکاری دیکە بەشداری لە کۆرسەکەدا دەکەن، ئەو دەڵێت، "کۆرسەکە بە زاراوەی سۆرانی دەبێت، هەفتانە دوو رۆژ دەگوترێتەوە و هەر کۆرسێک بۆ ماوەی 35 خولەک دەبێت، لە سەرەتاوە دەست دەکرێت بە فێربوونی زمانی کوردی و لە ئەلفو بێوە وانەکان دەگوترێنەوە."
 
دەلال مازن ئاماژەی بەوەش کرد، "زانکۆی ھارڤارد زانکۆیەکی تایبەتە لە شاری کامبریج لە ویلایەتی مەسەچووسێتسی ئەمریکا. مێژوو، سامان، کاریگەری و ئاستی زانستیی ئەم زانکۆیە وای کردووە کە ببێتە یەکێک لە گرنگترین و باشترین زانکۆکانی جیهان. بەپێی زۆربەی پلەبەندییەکان، ھارڤارد یەکێک لە ناسراوترین و باشترین زانکۆکانی جیهانە. زانکۆی ھارڤارد لە ساڵی 1636ی زایینیدا بنیاتنراوە و تائێستا سەدان کەسی ناودار و کاریگەر لە ئاستی جیهانیدا خوێندنیان لەو زانکۆیە تەواو کردووە."