بایدن: ئەفغانییەکان دەبێت خۆیان بجەنگن و بەرگری لە گەلەکەیان بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئەفغانستان خاوەنی 186 هەزار سەربازی چالاکە؛ ئەمە ئاماری پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی بزووتنەوەی تاڵیبانە بۆسەر ویلایەتەکانی ئەفغانستان کە تاوەکو ئێستا نۆ ویلایەتی بە تەواوی کۆنترۆڵکردوون.
 
هێشتا نازانرێت ژمارەی کوژراوی نێو سەربازانی ئەفغانی بە دیاریکراوی چەندە و چەند لەو سەربازانە بەهۆی شەڕەوە لە خزمەتی سەربازی دوورکەوتوونەتەوە.
 
عەمرودین وەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی ویلایەتی کوندوز دەڵێت، ژمارەیەک سەربازی ئەفغانی بە کەرەستە و ئۆتۆمبێلەکانیانەوە خۆیان رادەستی بزووتنەوەی تاڵیبان کردووە.
 
ئێستا کێشەی گەورەی سوپای ئەفغانستان رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان. لە زۆربەی ناوچەکان تێکدەشکێت و لە هەندێک ویلایەتیش بەرگرییەکی ئەوتۆیان نەکردووە.
 
کۆشکی سپی دەڵێت، لە 20 ساڵی رابردوودا ئەمریکا مەشقی بە 300 هەزار سەربازی ئەفغانی کردووە کە بەشێکیان ئێستا لە خزمەتی سەربازیدان و خاوەنی چەک و کەرەستەی سەربازین، دەبێت خۆیان بەرگری لە وڵاتەکەیان بکەن.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "ئێمە لە ماوەی 20 ساڵدا زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلارمان خەرج کردووە؛ مەشقمان بە 300 هەزار سەربازی ئەفغانی کردووە و چەکی پێشکەوتوومان پێداون. پێویستە سەرکردەکانی ئەفغانستان یەکگرتوو بن. ئێمە هەزاران قوربانیمان داوە. ئێستا دەبێت بۆ خۆیان بجەنگن و بەرگری لە گەلی خۆیان بکەن".
 
سەرباری مەشق و هاوکارییەکانی ئەمریکا، سوپای ئەفغانستان ئەو بەرگرییە ناکات کە چاوەڕوان دەکرێت.
 
شرۆڤەکارێکی سیاسیی ئەفغانی دەڵێت، گەندەڵی سوپای ئەفغانستانی خواردووە؛ سەرکردە سیاسییەکانیش هەریەکەو خاوەنی گرووپی چەکداری و کۆماندۆی خۆیەتی. گرنگیدان بەو هێزە تایبەتانە وایکردووە، سوپا فەرامۆش بکرێت، بۆیە سەربازەکان لە بەرەی جەنگ بەرگری ناکەن.
 
تۆریک فەرهادی، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت "کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە کابووڵ زیاتر کار لەسەر هێزە تایبەتەکان و هێزی کۆماندۆی تایبەت کردووە کە ژمارەیان تەنیا 30 هەزار دەبێت، کەچی 300 هەزار سەرباز کە ئەمریکا راهێنانی پێکردوون، لەلایەن سەرکردەکانەوە گرنگییان پێنادرێت. سەرۆک ئەشرەف غەنی قسە لەسەر کۆماندۆ دەکات، بەڵام هەرگیز سەردانی سەربازەکانی سوپای نەکردووە. زانیاریش هەن کە مووچەکانیان بەهۆی گەندەڵییەوە نەدراوە".
 
بەهۆی لاوازیی سوپاوە لە زۆر ناوچەی ئەفغانستان وەکو هیرات و لەشکرگا، ئەوانەی شەڕ دەکەن گرووپی میلیشیان نەک سوپا.
 
کێشەی گەورەش ئەوەیە بزووتنەوەی تاڵیبان رێگە سەرەکییەکانی کۆنترۆڵ کردووە، ئەفغانستانیش تەنیا بە رێگەی ئاسمانی دەتوانێت پشتیوانیی سەربازی بۆ ناوچەکان لە کابووڵەوە بنێرێت. ئەم دۆخەش وایکردووە، بزووتنەوەی تاڵیبان زیاتر متمانەی بە خۆی هەبێت بۆ بردنەوەی شەڕەکە.