چیرۆکی ئیتاڵیا؛ لە خوانە گەرموگوڕ و قەرەباڵخەکانەوە بۆ کەمبوونەوەی دانیشتووان


رووداو دیجیتاڵ 

لە نیوەڕۆخوانی پەنجاکانی سەدەی رابردووی خێزانێکی ئیتاڵیدا، کۆبوونەوەیەکی قەرەباڵخی دەوری مێزی نانخواردن دەبیندرا، ئەوکات ئیتاڵییەکان بە خستنەوەی منداڵی زۆر و خێزانی گەورە بەنێوبانگ بوون، هەر بۆیە ئیتاڵیا بە خواردنی خۆش و پەیوەندی کۆمەڵایەتی گەرموگوڕ ناسراوە.
 
ئێستا کێشەی کەمبوونەوەی دانیشتووان بەرۆکی ئیتاڵییەکانی گرتووە، ساڵی رابردوو لە بەرامبەر لە دایکبوونی حەوت منداڵ، 12 کەس مردوون، واتە لە بری ئەوەی دانیشتووانەکەی گەشە بکات، 179,000 کەس کەمی کردووە.
 
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دەڵێت، "لەم رۆژگارەدا، هێنانی منداڵ بۆ ژیان وەکو گوشار دەبینرێت. بەداخەوە ئەمە دیدگای نەوەی نوێیە. ئەوان لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا دەژین کە پێکهێنانی خێزان وەکو کارێکی قورس دەبینن، لە بری ئەوە باشترە وەکو بەهایەکی کۆمەڵایەتی بیبینن و هەمووان پشتگیری بکەن."
 
لە ساڵی 2022دا تەنیا 392,600 منداڵ لە دایکبوون لە کاتێکدایە ساڵی 2021، 400,249 منداڵ لە دایکبوون. ساڵی 2022، نزمترین ئاستی تۆمارکردووە لە ساڵی 1861ەوە کە ساڵی دامەزراندنی وڵاتەکەیە.
 
لە ساڵی 2014ەوە، ئیتاڵیا یەک ملیۆن و 360 هەزار لە دانیشتووانەکەی کەمی کردووە، ئەم ژمارەیە یەکسانە بە دانیشتووانی شاری میلان کە دووەم گەورەترین شاری ئیتاڵیایە.
 
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لەو بارەیەوە دەڵێت، "قەیران بزوێنەری کردار و بژارەکانە. تارادەیەکیش بزوێنەری بەرپرسیارێتییە. لە یەکەم رۆژی دەستبەرکاربوونمان، ئێمە منداڵ و دایک و باوکانمان خستووەتە هەرە لەپێشینەکان، ئێستا گرنگترین شت لای ئێمە بابەتی منداڵ دروستکردنە، ئەوەش دەکەین تاوەکو داهاتوومان هەبێت."
 
سێ هۆکاری سەرەکی ئیتاڵیای تووشی کێشەی دیمۆگرافیا کردووە. یەکەم، کاتێک کۆی قەرزەکانی وڵاتێک 300٪ کۆی بەرهەمی نێوخۆیی تێدەپەڕێنێت، ئەوکات خۆشگوزەرانی و گەشەی دانیشتووان پاشەکشە دەکات. ساڵی 2010، ئیتاڵیا ئەو رێژەیەی تێپەڕاند.
 
دووەم، ژمارەی بەتەمەنەکانی زۆرن، 25٪ـی دانیشتووانەکەی تەمەنیان لە 65 ساڵ بەرەو سەرەوەیە و 22 هەزار کەسیش تەمەنیان لە سەروو 100 ساڵە. جگە لەمانەش دانیشتووانەکەی تەمەندرێژن، بە شێوەیەک ساڵی 2022دا تەمەنی ئاسایی بۆ ژن و پیاو 82 ساڵ و شەش مانگ بووە. ساڵی 2050، 297 کەسی بەتەمەن بەرامبەر 100 کەسی خوار 15 ساڵ دەبێت ئەو تەمەنەش توانای خستنەوەی منداڵیان نییە و زیانیش بە دەستی کار دەگەیێنێت.
 
سێیەم، زۆریی ژمارەی پەناخوازان لەو وڵاتە، ساڵی رابردوو 229,000 پەناخواز لەو وڵاتە تۆمارکراون و ئێستا 8.6٪ـی دانیشتووانەکەی بیانین، کە دەکاتە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس.
 
ئێستا ژمارەی دانیشتووانی ئیتاڵیا 58 ملیۆن و 850 هەزار کەسن. حکومەتی ئیتاڵیا پێشبینیی دەکات، ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوامبێت، لە ساڵی 2050 دانیشتووانەکەی بۆ 54 ملیۆن و 200 هەزار کەس و لە ساڵی 2070 بۆ 47 ملیۆن و 700 هەزار کەس کەم ببێتەوە.