لە ئەفغانستان میلیشیاکەی ئیسماعیل خان دەرکەوتەوە و شەڕی تاڵیبان دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ناوچەکانی سەر بە هەرێمی هیرات لە سنووری نێوان ئەفغانستان و ئێران، هێزێکی چەکداریی نوێ کە لە دەرەوەی سوپای ئەفغانستانن دەرکەوتوون، ئەویش میلیشیاکانی ئیسماعیل خانە، کە پێشتر شەڕی چەکدارانی تاڵیبانیان کردووە.
 
میلیشیاکانی ئیسماعیل خان دەڵێن شەڕی تاڵیبان دەکەن و ناوچەکانی هیراتیان لێوەردەگرینەوە.
 
دروستبوونی ئەم گرووپە چەکدارییە هاوکاتە لەگەڵ ناردنی هێزێکی سوپای ئەفغانستان بۆ ناوچەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی  ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و ئەفغانستان، کە چەند رۆژێکە لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنترۆڵ کراون.
 
عەتائوڵڵا کە چەکداری گرووپی ئیسماعیل خانە، دەڵێت: "لەم دۆخەدا، کاتێک هێرش دەکرێتە سەر شارەکەمان و دەیانەوێت وێرانی بکەن، ئێمە جارێکی دیکە ئامادەین لەژێر فەرمانی ئیسماعیل خاندا شەڕ بکەین و هیچ ترسێکێشمان لە دوژمن نییە، سەرکەوتن بۆ ئێمەیە". 
 
گرووپی موجاهیدینی ئەفغانی بە سەرۆکایەتیی ئیسماعیل خان، لە ساڵی 2001 یەکێک بوون لەو گرووپە چەکدارییانەی هاوکاریی ئەمریکایان دەکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان. دەیانەوێت دوای کشانەوەی ئەمریکا  دووبارە رووبەڕووی تاڵیبان ببنەوە. 
 
باسیر ئەحمەد، چەکداری گرووپی ئیسماعیل خان دەڵێت: "ئێمە لێرەین بۆ بەرگریکردن لە خەڵک، بەرگری لە هیرات دەکەین، بە سەرکردایەتی ئیسماعیل خان ئامادەین، تا دوا دڵۆپی خوێن بەرگری لە خەڵک و شارەکەمان بکەین". 
 
گرووپە چەکدارییەکەی خان، ژمارەیان چەند هەزار چەکدارێک دەبێت و لە ناوچەکانی سەر بە هەرێمی هیرات بڵاویان پێکراوە لە هەندێک بەرەشەوە شانبەشانی سوپای ئەفغانستان شەڕی تاڵیبان دەکەن
 
مەعروف گولامی، فەرماندەی گرووپی ئیسماعیل خان دەڵێت: "ئێمە هێزەکانمان لە چەند خاڵێکی نزیک ناوچەی زیندا بڵاوەپێکردووە، کە کەوتووەتە دەست تاڵیبان، هەروەها موجاهیدینی دیکەمان ناردووەتە بەشەکانی دیکەی هیرات"
 
بزووتنەوەی تاڵیبان دەڵێت نزیکەی 85%ی خاکی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کردوە، بەشێک لە ناوچەکانی نزیک سنوورەکانی ئێران، تورکمەنستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستانی کۆنترۆڵ کردوون
ئەمریکاش نزیکەی 90%ی سەربازەکانی كشاندووەتەوە و چاوەڕێدەکرێت تاوەکو 31ی ئابی داهاتوو هەموو سەربازەکانی ئەفغانستان بەجێبهێڵن.
 
بزووتنەوەی تاڵیبان دەڵێن ئێستاش ئامادەی دانوستاندنن لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان، بەڵام رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان گوتی ئامادەنین گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبان بکەین و دانوستاندنیش بە یەک لایەن ناکرێت.
 
هەروەها لۆید ئۆستن وەیزری بەرگریی ئەمریکا داوای کردووە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کار بۆ رێککەوتنی ئاشتی لە ئەفغانستان بکات. 
 
ئیسماعیل خان کێیە؟
 
ئیسماعیل خان، ساڵی 1946 لە قەزای شنداندی سەر بە ویلایەتی هیراتی ئەفغانستان لە دایک بووە. لە کۆتایی حەفتاکان  ئەفسەر بووە لە سوپای کۆمۆنیستی ئەفغانستان. لە هیرات لەلایەن راوێژکارانی سوپای سۆڤیەت هاوکاری کراوە، کە ئەوکات هاوپەیمانی حکومەتی ئەفغانستان بووە. 
 
لە ئاداری 1979 حکومەتی ئەفغانستان  لە شاری هیرات چەند کەسێک دەستبەسەر دەکات، ئەمەش خۆپیشاندانی دانیشتووانی شارەکەی لێدەکەوێتەوە.  سەرهەڵدانەکە فراوان دەبێت و زۆربەی سوپای ئەفغانستان لە هیرات دەچنە پاڵ خۆپێشاندەران و بەو هۆیەوە خۆپیشاندەران دەست بەسەر چەند بنکەیێکی سەربازی ئەو شارەدا دەگرن.
 
ئیسماعیل خان، یەکێک بووە لەو ئەفسەرانەی سوپا کە دەچنە پاڵ خۆپێشاندەران. لە کاتی هەڵکوتانە سەر بنکە سەربازییەکان ژمارەیەک راوێژکاری سەربازی یەکێتیی سۆڤیەت و خێزانەکانیان دەستگیر دەکرێن و هەموویان دەکوژرێن.
 
لە وەڵامدا حکومەتی ئەفغانستان بە چەکی سۆڤیەت شاری هیرات بۆردوومان دەکات و دەگوترێت نزیکەی 24 هەزار کەس بەهۆی بۆردوومانەکەوە کوژران. ئەمە دەبێتە دەستپێکی دەستوەردانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ئەفغانستان.
 
ئیسماعیل خان دواتر دەبێتە بەشێک لە شەڕی موجاهیدان دژی سۆڤیەت. ماوەیەک لەگەڵ بورهانەددین رەبانی، پارتی جەماعەتی ئیسلامی بوو، کە لەلایەن پاکستانەوە هاوکاری دەکرا.
 
لەدوای دەرکردنی سوپای سۆڤیەت لە ئەفغانستان و سەرکەوتنی موجاهیدان، ساڵی 1992 ئیسماعیل  خان دەبێتە والی هیرات. بە گەشەکردنی بزووتنەوەی تاڵیبان ئیسماعیل خان دژی ئەو گرووپە شەڕ دەکات. ساڵی 1995 بە هاوکاری ئەحمەد شا مەسعود, سەرکردەی بەناوبانگی ئەفغانستان، هێرشی تاڵیبان بۆ ویلایەتی هیرات تێکدەشکێنێت . بەڵام دواتر  تاڵیبان بە هاوکاری ژەنەڕاڵ عەبدولڕەشید دۆستەم، کە ئەویش وەک ئیسماعیل خان  لە کەمینەی ئۆزبەکە، شاری هیرات دەگرێت و ئیسماعیل خانیش بەرەو ئێران هەڵدێت.
 
لە دوای هێرشی هاوپەیمانان لە ساڵی 2001 بۆ سەر بزووتنەوەی تاڵیبان، ئیسماعیل خان، هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا دەکات بۆ وەدەرنانی تاڵیبان لە هیرات. دواتر دەسەڵآتی کەسی خۆی لە ویلایەتی هیرات فراوان دەکات. 
 
ساڵی 2005، ئیسماعیل خان دەبێتە وەزیری ئاو و وزە لە حکومەتی حەمید کارزای. 
 
تۆمەتی زۆری دەخرێتە پاڵ ئیسماعیل خان، کە ویلایەتی هیرات وەک مۆڵکی شەخسی خۆی بەکاردێنێت. بەڵام  تائێستاش بە کەسایەتیێکی کاریگەر لە ئەفغانستان دادەنرێت.
 
ئیسماعیل خان، کە بە کەسێکی نزیک لە ئێران ناوبانگی دەرکردووە، لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک هیومەن رایتس وۆچ و پەیامنێرانی بێسنوور بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و مافی رۆژنامەڤانان تۆمەتبار دەکرێت.