جەزائیر.. گەورەترین حیزبی ئیسلامی دژی سڕینەوەی قەرزەكانی سەر عێراقە
رووداو - العربیە نت
بزووتنەوەی نەهزەی ئیسلامی لە جەزائیر ناڕەزایی دەربڕی لە بڕیارێكی حكومەتی وڵاتەكەی سەبارەت بەسڕینەوەی قەرزەكانی وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقا بەبێ رەزامەندی پەرلەمان، لەكاتێكدا وەك سەرچاوە رۆژنامەوانیەكان، هێشتا مانگانەی هەندێ لە كرێكارانی جەزائیر هەشت هەزار دینارە كە دەكاتە 70 دۆلار.
فاتیح روبەیعی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەكە، رۆژی هەینی رابردوو لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە جەزائیری پایتەخت سازكرا گوتی: ئەگەر سڕینەوەی قەرزەكانی سەر هەندێ لەو وڵاتانەی پەیوەندی برایەتی و دراوسێیەتیمان لەگەڵیاندا هەیە گونجاوبێت و ئەو پەیوەندییە نیشانەی رادەی قووڵیی پەیوەندییە ستراتیژییەكانمان بێت لەگەڵیاندا رێی تێدەچێت، بەڵام بۆ سڕینەوەی قەرزەكانمان لەسەر حكومەتی عێراقی تایفەچی كە تاوەكو ئێستا دەیان هاووڵاتی جەزائیری لە بەندیخانەكانیدا ئەشكەنجە دەدرێن، هیچ پاساوێك بەدی ناكەین، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو جەزائیریانەی لە عێراق بەتۆمەتی تیرۆر و چوونە ناو خاكی عێراق بەشێوەیەكی نایاسایی دەستگیركراون و سزای جۆراوجۆریان بەسەردا سەپاوە.
حكومەتی جەزائیر هەفتەی رابردوو رایگەیاند كە لە ساڵی 2010ەوە قەرزەكانی سەر دوو ئەندامی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی سڕیوەتەوە، پاش بڕیاری سڕینەوەی 902 ملیۆن دۆلار قەرز لەسەر 14 وڵاتی ئەفریقی. ئەو دوو ئەندامەی كۆمكاری عەرەبیش بریتین لە عێراق و یەمەن كە هەردووكیان نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار قەرزداری جەزائیر بوون. وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە ئەو وڵاتە ئەفریقیانەی بڕیاری سڕینەوەی قەرزەكان دەیانگرێتەوە بریتین لە بنین، بۆركینا فاسۆ، كۆنگۆ، ئەسیوپیا، غینیا بێساو، مۆریتانیا، مالی، مۆزەمبیق، نایجەر، ساوتۆمی، برانسیپی، سەنیگال، سیشل و تەنزانیا.
عەممار بلانی وتەبێژی وەزارەت رایگەیاند ئەو دەستپێشخەرییە بەمەبەستی پشتیوانیكردن لە گەلانی عەرەبی كراوە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی لەدۆخێكدان پێویستیان بە پشتیوانیكردنی خێرا هەیە لەبواری دووبارە بونیادنانەوەو گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی.