بەشار ئەسەد لە ناوەڕاستی مانگی ئادار سەردانی مۆسکۆ دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
لە مۆسکۆ ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا دەکرێت. گوتەبێژی کریملین پشتڕاستی کردەوە، بەشار ئەسەد لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا (مانگی ئازار) سەردانی رووسیا دەکات، بەبێ ئەوەی رۆژەکەی ئاشکرا بکات.
 
بەگوێرەی بۆچوونی زۆربەی شارەزایان، ڤلادمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە داواکاریی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رازی بووە کە ببێتە یارمەتیدەری کۆبوونەوەی بەشار ئەسەد و ئەردۆغان، بەڵام لەهەمان کاتدا لەوباوەڕەدا نین، کۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان پووتین، ئەردۆغان و بەشار ئەسەد بەم نزیکانە بکرێت.
 
ئۆڵیگ ئیتڤانۆڤ، سەرۆکی بەشی ئاسایشی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتیی ئەکادیمیای دیپلۆماسیی رووسیا دەڵێ "ئەمجارە ئەردۆغان لە رەوشێکی ئاڵۆزدایە، مانگی ئایار هەڵبژاردن (ـی گشتیی تورکیا) هەیە، لەلایەکی دیکە ئەگەری کۆبوونەوەی سەرۆکی تورکیا و سووریا، دەبێ لەم روانگەیەوە لێی بڕوانین ئایا کۆبوونەوەی ئەردۆغان و بەشار ئەسەد چ سوودێکی بۆ ئەردۆغان دەبێت؟ بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئێمە کەوتوون، سەرۆککۆماری تورکیا تائێستا دژایەتی بۆ کۆبوونەوەیەکی لەو شیوەیە دەرنەبڕیوە".
 
ئاندرێ باکڵانۆڤ، جێگری سەرۆکی یەکێتیی دیپلۆماتکارانی رووسیا دەڵێ "بە بڕوای من؛ ئامانجی سەرەکیی سەردانی بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ، بەهیچ جۆرێک بۆ دیداری ئەردۆغان نییە. بەشار ئەسەد ئەمجارە لە بواری رووبەڕووبوونەوەی هاوپەیمانیی رۆژئاواییدا، هاوبەشێکی سیاسی گرنگی ئێمەیە".
 
سووریا، تائێستا یەکەم مەرجی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئەنقەرە، کشانەوەی سەربازانی تورکیا بوو لە وڵاتەکەی، بەڵام دوور نییە سەردانی مارک میلی، سەرۆکی سوپاسالارە هاوبەشەکانی ئەمریکا بۆ رۆژئاوای کوردستان، پێگەی ئەسەد بگۆڕێت.
 
دیمیتری سوسڵۆڤ، جێگری سەرۆکی کۆنسەی بەرگری و سیاسەتی دەرەوە لە مۆسکۆ دەڵێ "لەبەرئەوەی ئەمریکا پشتگیری کوردی سووریایە و هەوڵی سەربەخۆبوونیان دەدات، بەدڵنیاییەوە تورکیا بۆ هیچ شوێنێک ناچێت، بەڵکو هەوڵدەدات ئۆپەراسیۆنەکانی لەنێو خاکی سووریا فراوانتر بکات، چەند شوێنێکی دیکەشی داگیر بکات".
 
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن؛ نزیکبوونەوەی سووریا و ئەنقەرە بۆ مۆسکۆ زۆر گرنگە، کە دەتوانێت باری سەر شانی رووسیا لە شەڕی ئۆکراینا سووکتر بکات.