ئوسترالیا سزا بەسەر 13 کەسایەتی و دوو دامەزراوەی ئێراندا دەسەپێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئوسترالیا سزا بەسەر 13 کەسایەتی و دوو دامەزراوەی ئێراندا دەسەپێنێت، هۆکارەکەشی بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دابینکردنی درۆن بۆ رووسیا دەگەڕێنێتەوە.
رۆژی شەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2022، پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی سزا بەسەر 13 کەسایەتی و دوو دامەزراوەدا دەسەپێنێت، لەنێویدا پۆلیسی رەوشتی ئێران، هێزی بەسیج و شەش کەسایەتیی دیکەی ئێرانی کە وەکو خۆی دەڵێت دەستیان لە "سەرکوتکردنی" خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەبووە.
وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا گوتی، سزا بەسەر سەعید سادق حوسێنیدا سەپێندراوە کە فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانە و گوتی، بەهۆی "بەکارهێنانی تووندوتیژی بەرامبەر خۆپێشاندەران" خراوەتە لیستی سزاکانەوە.
وۆنگ دەڵێت، "گوێنەدانی حکومەتی ئێران بە مافەکانی مرۆڤی گەلەکەی بووەتە هۆی تۆقاندنی ئوسترالییەکان و دەبێت لێپێچینەوە لە ئەنجامدەران بکرێت".
ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئێران لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی دانیشتووی سەقز لە 16-09-2022 دەستیان پێکرد. ژینا لە 13ی ئەیلوول لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەرکرا و سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا؛ باوکی ژینا دەڵێت، کچەکەی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.
بەپێی دوایین ئاماری کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران، لە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 473 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە.
جگە لە سزاکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ، وۆنگ گوتی کە ئوسترالیا سزای دارایی سێ کەسایەتی و دامەزراوەیەکی بازرگانیی ئێرانی دەدات بەهۆی "دابینکردنی درۆن بۆ رووسیا بۆ ئەوەی لە دژی ئۆکراینا بەکاریان بهێنێت".
وۆنگ گوتی، "دابینکردنی درۆن بۆ رووسیا بەڵگەی ئەوەیە کە ئێران رۆڵی لە ناسەقامگیرکردنی ئاسایشی جیهاندا هەیە. ئەم لیستی سزایە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەوانەی کەرەستەی سەربازی بۆ رووسیا دابیندەکەن، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت".
هەرچی ئێرانە، مانگی رابردوو دانی بەوەدانا کە درۆنی داوەتە رووسیا، بەڵام رەتیکردەوە درۆنەکانی لەلایەن رووسیاوە لە شەڕی ئۆکراینادا بەکارهێندرابن و گوتی، درۆنەکانی پێش دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا داوەتە رووسیا. رووسیاش رەتیدەکاتەوە هێزەکانی درۆنی ئێرانییان لە ئۆکراینادا لە جەنگەکەدا بەکارهێنابێت.