ئوسترالیا بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە مافی پەنابەری دەداتە هاووڵاتیانی توڤالو
رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتیانی توڤالو کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ژیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە، لە لایەن ئوسترالیاوە مافی پەنابەرییان پێ دەدرێت، ئەمە بە گوێرەی رێککەوتنێکی نێوانیان کە رۆژی هەینی ئاشکرا کرا.
توڤالو وڵاتێکی سەربەخۆیە لە باکووری زەریای هێمن و لە ژمارەیەک دوورگەی بچووک پێکدێت و دەکەوێتە کیشوەری ئۆقیانووسیا؛ ژمارەی دانیشتووانی تەنیا 11 هەزار کەسە. بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریاکە، وڵاتەکە لە مەترسیی ژێرئاوکەوتندایە.
کاوسیا ناتانۆ، سەرۆکوەزیرانی توڤالو و ئەنتۆنی ئەلبانیزی هاوتا ئوسترالییەکەی رۆژی هەینی، 10-11-2023 رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ یارمەتیدانی دانیشتووانی توڤالو لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا؛ هەروەها بۆ ئەوەی لە ئەگەری ژێرکەوتنی شوێنەکانیان، لە ئوسترالیا شوێنی ژیانیان پێ بدرێت.
توڤالو لە ریزی وڵاتە هەرە مەترسیلەسەرەکانی جیهانە.
دوو لە کۆی نۆ دوورگەی مەرجانیی توڤالو هەر لە ئێستاوە رووبەرێکی گەورەیان کەوتووەتە ژێر شەپۆلەکانەوە. زانایانی کەشوهەوا ترسیان هەیە لە ماوەی 80 ساڵی داهاتوودا تەواوی دوورگەکان ژێرئاو بکەون.
ناتانۆ گوتی، رێککەوتنەکە "ترووسکەی هیوایە" بۆ گەلەکەی کە لە مەترسیدایە.
بەپێی رێککەوتنەکە، هاووڵاتیانی توڤالو دەتوانن "لە ئوسترالیا بژین، بخوێنن و کاربکەن" و سوود لە "پەروەردە، تەندروستی، داهاتی ئوسترالیا و پشتیوانیی دارایی خێزانەکان" وەربگرن.
جەین مکئادەم، پسپۆڕی یاسای پەنابەران، رێککەوتنەکەی بە "وەرچەرخێن" دانا.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی نیو ساوز وێڵز گوتی، "ئەمە یەکەمین رێککەوتنە کە بە تایبەتی مامەڵە لەگەڵ کۆچی پەیوەست بە کەشوهەواوە دەکات. زۆربەی خەڵک نایانەوێت شوێنی خۆیان جێبێڵن، پەیوەندییەکی زۆر قووڵی باوباپیرانیان بە خاک و دەریای خۆیانەوە هەیە، بەڵام ئەمە شادەمارێکی ژیانیانیان پێ دەدات".
بۆ ئەوەی رێگری لە لەدەستچوونی توانا مرۆییەکان بکەن، سەرەتا ساڵانە تەنیا رێگە بە 280 هاووڵاتیی توڤالویی دەدرێت ژیانیان بگوازنەوە ئوسترالیا.
پێشتر نیوزیلاند پێشنیازیکردبوو کە "ڤیزەی کەشوهەوا" بە خەڵکی دوورگەوڵاتەکانی زەریای هێمن بدات، بەڵام بیرۆکەکە هەڵوەشێندرایەوە چونکە حکومەتی ئەو وڵاتە بچووکانە ترسی ئەوەیان هەبوو نەمانی کەسانی پسپۆڕ و هێزی کار، گورز لە ئابوورییەکەیان بدات.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی رۆژی هەینی راگەیێندرا، ئوسترالیا بەڵێنی داوە 16 ملیۆن دۆلاری ئوسترالی (10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) خەرج بکات بۆ یارمەتیدانی توڤالو لە رێگریکردن لە بچووکبوونەوەی کەناراوەکانی و گەڕاندنەوەی زەوییە لەدەستچووەکان.
بەڵام لە هەمان کاتدا دان بەوەدا دەنرێت کە ئەم کارە تا رادەیەک لە کار ترازاوە و درەنگ کەوتووە، چونکە هەر لە ئێستاوە هەست بە کاریگەریی گەورەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێت.
لە راگەیێندراوی هاوبەشی هەردوو سەرۆکوەزیراندا هاتووە، "پێمان وایە خەڵکی توڤالو شایەنی بژاردەی ژیان، خوێندن و کارکردنی لە شوێنێکی دیکەن، چونکە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا خراپتر دەبن".
ئەلبانیز گوتی، ئوسترالیا ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی رێککەوتنی هاوشێوە بە وڵاتانی دیکەی زەریای هێمن.