رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی لە بەرزاییەکانی جۆلان مەشق و راهێنان دەکەن. وێنە: Jalaa MAREY / AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل بڕیاریدا ئاسانکاری بکات بۆ دەرهێنانی تۆو لە تەرمی سەربازان و کوژراوانی دیکەی ئیسرائیلی تاوەکو لە داهاتوودا لە لایەن خێزانەکانیانەوە بۆ وەچەخستنەوە بەکاریبێنن.
وەزارەتەکە تیمێکی تایبەتی پێکهێناوە کە بە گوتەی خۆی، رۆژانە 24 کاژێر لەگەڵ سوپای ئیسرائیل و چوار نەخۆشخانە کە بانکی تۆویان هەیە، کاردەکات بۆ ئەوەی یارمەتیی خێزانەکان بدەن مامەڵە حکومییەکانیان بە ئاسانی تەواوبکەن تاوەکو تۆو لە تەرمی کەسوکاریان دەربهێنرێت.
بە گوێرەی پزیشکەکان، پێویستە پێش تێپەڕینی 24 کاژێر بەسەر مردنی مرۆڤدا، تۆوەکەی دەربهێنرێت، چونکە لەوە زیاتر بخایێنێت، ئەگەری زیندوومانەوەی تۆوەکە لاوازدەبێت.
مانگی رابردوو، تۆوی 33 کوژراوی ئیسرائیلی دەرهێنراوە کە چواریان سڤیل و ئەوانی دیکە سەرباز بوون، ئەمە بە پێی میدیای ئیسرائیلی.
بەهۆی ئەو دۆخەی کە ئێستا هەیە، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل چاوپۆشی لە بەشێک لە هەنگاوە یاساییەکان کردووە، چونکە پێشتر دەرهێنانی تۆو لە لاشەی مردووان، پێویستی بە ژمارەیەک هەنگاو بوو، لەوانەش فەرمانی دادگە.
زیاتر لە مانگێکە جەنگێکی سەخت لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە بەردەوامی هەیە، ئەوەش دوای هێرشی لەناکاوی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە بەیانیی رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر کە بووە هۆی کوژرانی 1400 ئیسرائیلی و بەدیلگرتنی زیاتر لە 240 کەس. لە بەرامبەردا ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشی کردە سەر غەززە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە نزیکەی نیوەیان منداڵن.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئاسۆیەک بۆ وەستاندنی شەڕ و ئاگربەست نییە، بەڵام رۆژی پێنجشەممە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیسرائیل رازی بووە رۆژانە چوار بۆ پێنج کاژێر شەڕ رابگرێت بۆ مەبەستی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ