سوودانی گەیشتە رووسیا

 
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و بڕیارە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 10-10-2023 کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە مۆسکۆ و لە کرێملین لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی کرێملین-دا هاتووە "هەردوو سەرۆک، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و عێراق دەکەن".
 
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، رۆژی هەینی 22-09-2023 لەکاتی بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو وەزیر، پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێکردووە، فوئاد حوسێن گوتی، "کار بۆ تەواوکردنی ئامادەکاری پێویست دەکەن بۆ سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ مۆسکۆی پایتەختی رووسیا".