زیلینسکی: رووسیا بە درۆنی ئێرانی ئۆکراینای بۆردوومانکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، رووسیا بە درۆنی دروستکراوی ئێرانی بۆردوومانی ژێرخانی وزەی ئۆکراینای کردووە و وەزارەتی نێوخۆی وڵاتەکەش دەڵێت، بە 75 مووشەک شارە جیاوازەکانی وڵاتەکە کراونەتە ئامانج. 
 
رۆژی دووشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2022، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گرتە ڤیدیۆیەکییدا گوتی: "ئەمە بەیانییەکی سەختە. دەیان مووشەک و [درۆنی] شاهیدی ئێران بەکارهێندراون. ئەوان دوو ئامانجیان هەیە: یەکەم، ژێرخانی وزە و دووەمیش خەڵکە". زیلینسکی گوتیشی کە رووسیا دەیەوێت سیستمی وزەی وڵاتەکەی لەنێوببات.
 
هاوکات، ڤالێری زالوژنی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا دەڵێت، هێزەکانی رووسیا "بە 75 مووشەک کیێڤ و شارەکانی باشوور و رۆژئاوای ئۆکراینایان کردووەتە ئامانج؛" گوتیشی، لەو ژمارەیە، 41 مووشەکیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئۆکرایناوە خراونەتە خوارەوە. 
 
وەزارەتی نێوخۆی ئۆکرایناش رایگەیاند، لە ئەنجامی مووشەکەکان لانیکەم 8 کەس لە کیێڤ کوژراون و 24 کەسی دیکەش برینداربوون. 
 
لەلایەکی دیکەوە، زیلینسکی گوتی کە لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا قسەی کردووە و "رێککەوتوون" بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی "بەپەلەی" G7 ئەنجامبدرێت و "وەڵامێکی تووند" بدەنەوە. 
 
مۆڵدۆڤاش دەڵێت، سێ مووشەکی کرووزی رووسیا سنووری ئاسمانی وڵاتەکەیانی بەزاندووە و دەشڵێت، بانگهێشتی نێردەی رووسیایان لە وڵاتەکەیان کردووە بۆئەوەی روونکردەوەیان لەبارەیەوە پێبدات. 
 
نیکو پۆپێسکۆ، وەزیری دەرەوەی مۆڵدۆڤا لە تویتێکدا دەڵێت: "مووشەکەکان لە کەشتیی رووسییەوە لە دەریای رەشەوە هاوێژراون و ئاسمانی مۆڵدۆڤایان بەزاندووە."  
 
مووشەکبارانکردنی ئەمڕۆی ئۆکراینا کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا؛ جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە تویتێکدا رایگەیاند، مووشەکبانکردنی ئۆکراینا "مایەی قبووڵکردن نییە" و گوتی کە ئەمە نیشانەی "لاوازیی" پووتینە.
 
جۆزێب بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتیی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا گوتی، مووشەکبارانکردنەکەی ئۆکراینا "تووشی شۆک"ـی کردووە. 
 
ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووسی هاوپەیمانی نزیکی رووسیاش ئۆکراینای بەوە تۆمەتبارکرد کە "ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر" وڵاتەکەی دەکات؛ گوتیشی کە لەگەڵ رووسیا، هێزێکی هەرێمیی هاوبەش پێکدەهێنن.