ئەمڕۆ 14 کۆچبەرەکەى هەرێمى کوردستان لە تونس دادگایی دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
ئەو 14 کۆچبەرەى هەرێمى کوردستان کە لە تونس دەستگیرکراون، ئەمڕۆ دادگایی دەکرێن، بریکارێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق پێشبینی دەکات کۆچبەرەکان ئازاد بکرێن.
عومەر بەرزنجى، بریکارى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بۆ کاروباری یاسایی و پەیوەندییە فرە لایەنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە، 10ى ئەیلوول، دادگاییکردنى ئەو 14 کۆچبەرەى هەرێمى کوردستان لە تونس دەستیپێکرد کە لەو وڵاتە دەستگیرکرابوون."
عومەر بەرزنجى گوتى: "کۆچبەرەکان یەک یەک دادگایی دەکرێن و هەموویان پێکەوە ناچنە دادگە، باڵیۆزى عێراق لە تونس ئامادەى دادگاییکردنەکەیە".
ئەو 14 هاونیشتمانیەى هەرێمى کوردستان دوو هاووڵاتى تونسییان لەگەڵدابوو، کاتێک ویستویانە بەقاچاخ لەو وڵاتەوە بەرەو ئەورووپا بچن.
عومەر بەرزنجى گوتى: "پێشبینی دەکەین ئەو 14 کۆچبەرە ئازاد بکرێن، چونکە سزاى بەندکردنەکەیان بە هێندەى ئەو ماوەیە کە بەر لە دادگاییکردنیان لە گرتووخانە بوون".
14ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ تونس لابردنی ڤیزەی لەسەر هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی راگەیاند، ئەو هەنگاوە گەشتکردنى بۆ ئەو وڵاتە ئاسانکرد ، هەندێک لە کۆچبەران هەوڵدەدەن لە رێگەى ئەو وڵاتەوە بەرەو وڵاتانى ئەورووپا کۆچ بکەن.
تونس یەکێکە لەو وڵاتانەی کۆچبەران بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی بە دەریای نێوەڕاستدا بپەڕنەوە و خۆیان بگەیێننە ئەورووپا.