چین مانۆڕێکی سەربازی لە شێوەی "هێرشی گریمانەیی" لە دەوروبەری تایوان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کەشتییەکی جەنگی چینی سنووری ئاویی تایوانی بەزاند و چەند سەد مەترێک لە کەشتی جەنگیی تایوانەوە دوورە. کاپتنی کەشتییە تایوانییەکە هۆشداری دەداتێ لەوە زیاتر نزیک نەبێتەوە. ئەمە بەشێکی بچووکە لەو مانۆڕە سەربازییە سێ رۆژییەی چین لە دەوری دوورگەی تایوانی دەیکات و ئەمریکای شڵەژاندووە.
لە شەقامێکی تایپی پایتەختی تایوان، خەڵک باسی مانۆڕە سەربازییەکە دەکەن، هەندێک پێیانوایە تەنیا چاوسوورکردنەوەیە و هیچی دی نا، بەشەکەی دیکە ترس لە دڵیاندا نیشتووە و بڕوایان وایە هێرشی چین لە ئان و ساتدایە.
مایکل چوانگ، هاووڵاتی تایوانی دەڵێ "ئەگەر داگیرمان بکەن، هەر ناتوانین رابکەین. با بزانین داهاتوومان چۆن دەبێت".
کەسێکی دیکە بەناوی هۆنگ شیانگ یو باس لەوە دەکات کەمێک ترسی هەیە، دەڵێ "سەیرکە، ئێمە لە مەیدانی ئازادین، هیوادارم هەر وا بە سەربەستی بمێنینەوە، ئازادبین لە خواست و دەربڕینمان".
چین، لە مانۆڕە سەربازییەکەدا پێنج کەشتیی تێکشێنەر و فڕۆکەهەڵگری لە سنوورە ئاوییەکانی تایوان جێگیرکردووە.
فڕۆکەی جەنگیش بەردەوام بە دەوروبەری دوورگەکەدا دەسووڕێنەوە و لە هێرشی گریمانەییدا دەوروبەری تایوان بۆردوومان دەکەن و چەکی راستەقینە بەکاردەهێنن، لە بەرامبەردا لەنێوخۆی تایوانیشدا هێزەکان تەواو خراونەتە ئامادەییەوە.
ئەم مانۆڕە سەربازییە ئەمریکای نیگەرانکردووە. لە ئەیلوولی 2022 جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوتی، لە ئەگەری هێرشدا، بەرگری لە تایوان دەکەن.
ڤێدانت پاتێل، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ "بەردەوامدەبین لە داواکردن لە پەککین بۆ ئەوەی گوشارە سەربازی، دیپلۆماسی و ئابوورییەکەی لە دژی تایوان رابگرێت و لەبری ئەمە دیالۆگێکی واتاداری دیپلۆماسی بکات. هیچ پاساوێک نییە ئەو رێڕەوە کە هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتی درێژخایەنی ئەمریکا، بگۆڕی بۆ شتێک کە پێچەوانەبێت یاخود بیانوویێک بۆ کاردانەوەیەکی لە رادەبەدەر".
دوای 72 ساڵ لە فەرمانڕەوایەتیکردنی خۆجێیی، تائێستا چین؛ تایوان بە بەشێکی دانەبڕاوی خۆی دەزانێت، پەککین تەنانەت بە بەرپرسانی ئەمریکیش قەڵس دەبێت، ئەگەر وەکو سیستەمێکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ تایواندا بکەن.
چین، هەردوو سەردانەکەی نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەوکاتی ئەمریکا لە ئابی 2022 بۆ تایپی، هەروەها سەردانی سەرۆکی تایوانی بۆ لای کیڤن مەککارسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێستای ئەمریکا لە نیسانی 2023 سەرکۆنە کرد.