فەرەنسییەکان دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
دەنگدەرانی فەرەنسا روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد؛ چاوەڕوان دەکرێت لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا سەرۆک هەڵنەبژێردرێت و ئیمانوێل ماکرۆن و مارین لوپێن بچنە گەڕی دووەم بۆ ئەوەی یەکێکیان وەک سەرۆکی پێنج ساڵی داهاتووی فەرەنسا هەڵبژێردرێت.
بنکەکانی دەنگدان کاژێر 9:00 کرانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بانگەشەیەکی چڕ و پڕ لە چەند هەفتەی رابردوودا بەڕێوەچوو و بەشێکی گەورەیشی سەرنجی خستە سەر ئۆپەراسیۆنی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و بەردەوامبوونی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
زۆربەی فەرەنسییەکانی دەرەوەی ئەوروپا رۆژی شەممە دەنگیان دا؛ لەوانەش فەرەنسییەکانی کەنەدا، ئەمریکا و ئەو دوورگانەی لە لایەن حکومەتی فەرەنساوە بەڕێوەدەبرێن.
دوایین راپرسییەکان دەریدەخەن، کە ئیمانوێل ماکرۆن 26٪ی دەنگەکان، ماری لوپێن 25٪ی دەنگەکان، ژان میلانشۆ 17٪ی دەنگەکان، ئێریک زێمور 8٪ی دەنگەکان، ڤالێری پێکرێس 8٪ی دەنگەکان، یانیک جادۆ 4٪ی دەنگەکان و ئان هیداڵگۆ 2٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
زۆرجار لای بەشێک لە دەنگدەران ئەو تۆمەتە دەدرێتە پاڵ ماری لوپێن، کە کەسێکی تووندڕەوە و کار لەسەر دابەشکردنی کۆمەڵگە دەکات، بەڵام ئەو بەربژێرە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەدا لە چەند هەفتەی رابردوودا هەوڵیدا وێنەیەکی جیاوازی خۆی پیشانبدات و گرنگی بەو شتانە دا کە جێگەی بایەخ و نیگەرانیی دەنگدەرانن.
هەرچی ماکرۆنە بانگەشەیەکی کەمی کرد و سەرنجی زیاتر لەسەر هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بوو.
دەنگدانەکە کاژێر 9ی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و کەمێک دوای ئەوە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمشەو ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن بزانرێت.
نەبوونی دڵنیایی