لە چین ئیسلامۆفۆبیا پەرەدەسەنێت
رووداو - هەولێر
ئیسلامۆفۆبیا دوای ئەوروپا لە وڵاتی چینیش پەرەدەسەنێت، بەجۆرێک، ئێستا ژمارەیەک چالاکوانی چینی داوا دەکەن حکومەت موسڵمانانی وڵاتەکەیان لەو وڵاتە دەربکات.
لە دووری هەزار و 100 کیلۆمەتر لە شاری پەکین، بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت شتی زۆر تووند دژی ئیسلام دەنووسن، لەوانەش تێکستێکە کە تێیدا هاتووە "دەبێت حکومەت یاسایەک دەربکات بۆ کردنەدەرەوەی موسڵمانەکان لە چین". زیادبوونی ئەم هەستەش نیگەرانی لای موسڵمانەکانی چین دروستکردووە.
تاو ینگشەنگ، ئیمامی مزگەوتی نانگانگ لە شاری هفەی پایتەختی هەرێمی ئانهوی رۆژهەڵاتی چین و دەڵێ "هەندێک کەس بە مەبەست لەرێگەی ئینتەرنێتەوە کار بۆ دروستبوونی گرژی لەنێوان پێکهاتە ئیتنییە جیاوازەکان دەکەن. ئەمەش کێشەکەی گەورەتر و رەوشەکەی ئاڵۆزتر کردووە".
نزیکەی 21 ملیۆن موسڵمان لە چین دەژین و نیوەی ئەوانیش بە "هوی"ییەکان ناسراون. ئەوان، نەوەی ئەو بازرگانانەی رێگای ئاوریشمن، کە چەندین سەدە پێش ئێستا، لە چین جێگیر بوون و هەمیشەش لە لایەن حکومەتی وڵاتەوە وەکو کەسانی بێکێشە سەیریان کراوە.
بەڵام لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا گرژی بەردەوام لەنێوان حکومەت و ئەو موسڵمانانەی هەرێمی شینجینانگدا هەبووە، کە بە ویگەر-ـەکان ناسراون.
ئەم گرژییەش کاریگەری لە سەر تێڕوانینی چینییەکان هەبووە. ولیەم نی، توێژەرەوە لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێ "بەشێکی زۆری ئیسلامۆفۆبیا کە لە ئینتەرنێتی ئەوروپا و ئەمریکا دەیبینین هاتووەتە نێو ئینتەرنێتی چینیشەوە، بەڵام فاکتەری نێوخۆش هەن، لەوانەش تێڕوانینی خەڵک کە باوەڕیان وایە حکومەتی چین داواکاریی موسوڵمانەکانی لە هەرێمی ئۆتۆنۆمی شینجیانگ جێبەجێکردووە. خەڵکی رەخنەی لە کامپەینی دژەتیرۆری حکومەتیش هەیە. ئەمانەش هەموویان بوونەتە هۆی زیادبوونی ئیسلامۆفۆبیا لە چین".
لوۆ وێن، دانیشتووی چینە و لە دژی موسڵمانانی وڵاتەکەی دەڵێ "لە مێژوودا، ئیمپراتۆرەکان دیواری گەورەیان دروستکرد بۆ رێگەگرتن لە هاتنەناوەوەی موسڵمانان تاوەکو کێشە دروستنەکەن. ئێستاش دەبێت هەمان شت بکەین".
موسڵمانانی چین بە نیگەرانییەوە لەم هەڵوێستە نەرێنیەی خەڵکی وڵاتەکەیان دەڕوانن و، چاوەڕوانی ئەوەن حكومەت رێگا لە بەردەم گرژبوونی رەوشەکە بگرێت.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار