لە رووداوێکی تەقەکردن لە هامبۆرگ حەوت کەس کوژران و نزیکەی 10 کەسیش برینداربوون


رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی تەقەکردن لە شاری هامبۆرگ لە باکووری ئەڵمانیا، حەوت کەس کوژران و لەنێوان حەوت بۆ نۆ کەسی دیکەش برینداربوون. بەپێی دوایین زانیارییەکانی پۆلیس، کەسی هێرشکاریش کوژراوە.
 
رووداوەکە درەنگانی شەوی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر، لە ناوچەی ئەلستەدۆرف لە هامبۆرگ روویدا؛ چەکدارێک هێرشیکردووەتە سەر ناوەندێک کە چالاکیی ئایینی تێدا ئەنجامدەدرا و حەوت کەسی کوشت و ژمارەیەکی دیکەیشی بریندارکرد. پۆلیسی ئەڵمانی ئاماژەی بەوەداوە لەو بڕوایەدان یەکێک لە کوژراوەکان هێرشکارەکە بێت کە دەکاتە هەشتەم کوژراو، تاوەکو ئێستاش نازانن هۆکاری پشت هێرشەکە چی بووە. لێکۆڵینەوەکانیشیان لە رووداوەکە بەردەوامە.
 
لەدوای هێرشەکە پۆلیس لە رێگەی مۆبایلەوە دانیشتووانی ناوچەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە نزیکی ئەو باڵەخانەیە نەکەونەوە کە هێرشەکەی تێدا ئەنجامدراوە و شەقامەکانی دەوروبەریشیان گرتووە، دواتر پۆلیس چووەتە نێو باڵەخانەکەوە و ئەو کەسانەیان رزگارکردووە کە لەنێو باڵەخانەکەدا بوون.
 
هەروەها پۆلیس ئەوەیشی ئاشکراکردووە کە 24 کەس برینداربوون، بەڵام تەنیا هەشتیان برینەکانیان سەختە و ئەوانی دیکە بە سووکی برینداربوون. 
 
بە گوێرەی شایەتحاڵێکی رووداوەکە، تەقەیەکی زۆر لەنێو سەنتەرە ئایینییەکە کراوە و قوربانیش هەبووە. 
 
دواتر، پیتەر شێنتاچەر، سەرۆکی شارەوانیی هامبۆرگ لە تویتێکدا شۆکی خۆی بەرامبەر بە هێرشە چەکدارییەکە راگەیاند و ئاشکراشی کرد، هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە تاوەکو بەرپرسانی هێرشەکە و هۆکارەکەی ئاشکرا بکەن.
  
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لەبەردەم باڵەخانەکە ئاماژەی بەوەکرد، سەنتەرەکە تایبەتە بە گرووپێکی کریستیان بەناوی (جێهۆڤا ویتنسیس) کە تایبەتە بە بانگەشەی ئایینیی کریستیانەکان و چەندین چالاکیی ئایینی و رێکخراوەیی تێدا دەکرێت، لە کاتی هێرشەکەشدا، چالاکییەکی ئایینی تێدا بەڕێوەچووە. 
 
لە چەند ساڵی رابردوودا، رووداوی تەقەکردن لە ئەڵمانیا زیادیکردووە و لە شوباتی 2020دا لە شارۆچکەی هاناو لە رۆژئاوای ئەڵمانیا، چەکدارێکی تووندڕە و هێرشکردە سەر ژمارەیەک خەڵک و نۆ کەسی کوشت کە ژمارەیەکیان کۆچبەری تورکیا بوون، دواتر هێزە ئەمنییەکان ئەو هێرشکارەیان کوشت.