سەرۆکی هەنگاریا لەژێر گوشاردا دەستی لەکارکێشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای زیادبوونی گوشارەکان لەسەر کەیسێکی ئابڕووبەرانە، کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا دەستی لەکارکێشایەوە دوای ئەوەی ئاشکرابوو کە لێخۆشبوونی بۆ پیاوێک دەرکرد کە تاوانباربوو بە پەردەپۆشکردنی کەیسێکی دەستدرێژیی سێکسی لە باخچەیەکی منداڵان.
کاتالین لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا روونکردەنەوەی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەیدا و گوتی" هەڵەم کرد، ئەمڕۆ دواین رۆژمە وەکو سەرۆک گوتار پێشکێش دەکەم."
لە درێژەی روونکردنەوەکەیدا کاتالین دەڵێت" نیسانی رابردوو بڕیاری لێخۆشبوونم دەرکرد، باوەڕم وابوو کە تاوانبار هەستیاری دۆخی منداڵانی خراپ بەکارنەهێناوە کە خۆی سەرپەرشتیاریان بووە."
دەشڵێت: "لە لێخۆشبوونەکە هەڵەم کردووە و بێ پاساویش هۆکاری زیادکردنی گومانەکان بوو لە لێبوردنی کردارەکە کە دەچێتە قاڵبی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان."
ئەم دەستلەکارکێشانەوەی رۆژی شەممە لەکاتێکدابوو، رۆژێک پێشتر زیاتر لە 1000 کەس لە بوداپێستی پایتەخت خۆپیشاندانیان کرد و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکیان کرد، خۆپیشاندانەکە بە دەنگی لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆن فراوانتربوو.