لە مزگەوتەکانی بەریتانیا هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە مزگەوتەکانی بەریتانیا هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆکرایەوە. تاوەکو ئێستا حکومەت و رێکخراوەکانی بەریتانیا زیاتر لە 33 ملیۆن پاوەندیان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە ناردووە.
لە بەریتانیا هاوکاری زۆر بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆکراونەتەوە، محەممەد جەلال بەرزنجی کە سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیایە و یەکێک لەو چالاکوانانە کە کاری کۆکردنەوەی هاوکارییەکان دەکات. ئەو میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، کوردی دیاسپۆرای بەریتانیا کۆمەک بۆ لێقەوماوانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆدەکەنەوە و گوتی "ئەمڕۆ لە تەواوی مزگەوتەکانی بەریتانیا لە دوای نوێژی هەینی کۆمەک و هاوکاریی مادی بۆ لێقەوماوان کۆکرایەوە و بڕێکی زۆر لە پارە کۆکرایەوە و لە هەندێ مزگەوت زیاتر لە 7 هەزار پاوەند کۆکرابوویەوە و پارەکان لە رێگەی حکومەتی بەریتانیا بۆ لێقەوماوان نێردران."
محەممەد جەلال ستایشی حکومەتی بەریتانیای کرد کە زۆر بە باشی هاوکاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە دەکات و گوتی " حکومەتی بەریتانیا 5 ملیۆن پاوەندی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرەزەکە تەرخانکرد و هەروەها رێکخراوە مرۆییەکانیش 27 ملیۆن پاوەندیان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرەزەکە نارد، جگە لەمەش حکومەتی بەریتانیا نزیکەی 77 تیمی گەڕۆکی ناردووە بۆ باکووری کوردستان."
لە بەرەبەیانیی 6ی ئەم مانگە بوومەلەرزەیەکی بەهێز باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی سووریا و تورکیای بە پلەی 7.4 پلەی رێختەر هەژاند و تائێستا زیاتر لە 23 هەزار کەس گیانیانلەدەستداوە و دەیان هەزار کەسیش برینداربوونە.