ناسا گەشتی چوونە سەر مانگ بۆ 2026 دوادەخات

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەگەرچی بڕیاربوو ئەم ساڵ چوار کەشتیوانی ئاژانسی ناسا بە دەوری مانگدا بسووڕێنەوە و ساڵی داهاتووش مرۆڤ بچێتەوە سەر مانگ، بەڵام ئاژانسەکە هەریەک لەو پرۆسانەی بۆ ماوەی ساڵێک دواخست.
 
ئەوە یانی سووڕانەوە بە دەوری مانگدا بۆ 2025 و دابەزین لەسەر مانگ بۆ 2026 دواخران.
 
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا (ناسا) دواخستنی ئەو دوو ئامانجەی بۆ هۆکاری ئامادەنەبوونی کەشتییە ئاسمانییەکانی گەڕاندەوە.
 
ناسا ساڵانێکە پڕۆژەی "گەڕانەوە بۆ مانگ"ـی راگەیاندووە و ناوی ناوە ئامانجەکانی ئارتمس - Artemis، کە وشەیەکی یۆنانیە و بە مانای خودای راوکردن دێت.
 
ئامانجی ئارتمس1 لە تشرینی دووەمی 2022 بەدیهێنرا کاتێک کەشتییەکی ئاسمانی رەوانەی خولگەی مانگ کرا، وەکو رێگەخۆشکەرێک بۆ ئامانجی ئارتمس2.
 
ئارتمس2 سووڕانەوەی چوار کەشتیوانی ئاژانسەکە دەبێت بە دەوری مانگدا و ئەمەیان یەکێکە لەوانەی لە 2024ـەوە بۆ 2025 دواخراوە.

 

 
 
ئارتمس3 دابەزینی مرۆڤە لەسەر مانگ، کە پاش 56 ساڵ دووەمجار دەبێت مرۆڤەکان بتوانن پێ بخەنە شوێنێکی دیکەی جگە لە زەوی. ناسا ئەمەشی لە 2025ـەوە بۆ ئەیلوولی 2026 دواخستووە.
 
لە ساڵی 1969، نیل ئارمسترۆنگ، کەشتیوانی ئاژانسی ناسا لە ئامانجێکدا کە بە Apollo 11 ناسراوە، وەکو یەکەم مرۆڤ پێی خستە سەر مانگ.

 

 
ئارتمس4 و 5یش هەن، کە ئامانجە گەورەکە لەکۆتاییدا ناردنی مرۆڤە بە کۆمەڵ بۆ سەر مانگ.
 
ناسا لەگەڵ کۆمپانیای سپەیس ئێکس خەریکی ئامادەکردنی کەشتی پێشکەوتوو و جلوبەرگی شیاون کە بتوانن مرۆڤ بە سەلامەتی بگەیێننە سەر مانگ.
 
بیڵ نێلسۆن، بەڕێوەبەری ئاژانسی ناسا لەکاتی راگەیاندنی دواخستنی ئامانجەکان بە رۆژنامەڤانانی گوت، "نافڕین تاوەکو ئامادە نەبین".
 
بڕیارە گەشتی چوونە سەر مانگ بە کەشتییەکی سپەیس ئێکس بکرێت کە لەلایەن ئیلۆن مەسک، یەکێک لە دەوڵەمەندترینەکانی سەر زەوییەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
 
پلانەکە بەجۆرێکە سەرەتا بنکەیەکی ئاسمانی لە خولگەی مانگدا بنیات دەنرێت و دواتر کەشتیوانەکان لەو بنکەیەوە سەردانی مانگ دەکەن و دەگەڕێنەوە، ئەو بنکەیە پێدەچێت هەمیشەیی بێت و لە گەشتەکانی دیکەشدا بەکاربهێندرێتەوە.