رۆبۆتێک لە پێشانگەی ئەلیکترۆنیی لاس ڤێگاس پشت و شانی خەڵک دەشێلێت
رووداو دیجیتاڵ
رۆبۆتێک لە پیشانگەی تەکنەلۆژیا لە لاس ڤێگاس سەرنجی سەردانیکەرانی پێشەنگەکەی بۆخۆی راکێشاوە و کاتێک بە هێمنی مەساجی بۆ هاووڵاتییان دەکرد، رۆبۆتەکە داهێنانی کۆمپانیایێکی فەرەنسییە بە ناوی کاپسیکس رۆبۆتیکسە، ناویان لێناوە، رۆبۆتی مەساجی iYU.
فرانسوا ئیساتوەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کاپسیکس رۆبۆتیکسە لەبارەی داهێنانەکەیانەوە دەڵێت، "70٪ـی خەڵک پشتئێشەیان هەیە. 60٪یان دڵەڕاوکێییان هەیە، ئەمەش رێژەیەکی بەرزە. ئەستەمە بتوانین تەنیا بە دەستەکانمان ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین. بەڵام رۆبۆت و ژیریی دەستکرد دەتوانن هاوکاربن لە چارەسەرکردنی گەورەترین کێشە لەنێو خەڵکدا."
رۆبۆتەکە سەرەتا سکانێک بۆ جەستەی ئەو کەسە دەکات کە دەیەوێت بیشێلێت، قەبارە و بەرزی و نزمی جەستەی وەردەگرێت بۆ ئەوەی بزانێت چ جۆرە شێلانێکی پێویستە. دواتر دەست بە کارەکەی دەکات. کاری ئەم رۆبۆتە رەنگە لە ئێستاوە ترسی لای شارەزایانی مەساجکردن دروست کردبێت، کە رەنگە لە داهاتوودا جێگەکەیان بگرنەوە.
جۆناتان گراسی، شارەزایەکی شێلانە لەوبارەوە دەڵێت، "با روون بین، ئەمە جێگەی شارەزایانی شێلان ناگرێتەوە، بەڵام دەتوانێت خزمەتێکی باش بکات. ئێستا ئەمەیان تەنیا شارەزایی لە پشتە. بەشی سەرەوەی پشت بۆ خوارەوە. گوشار و جووڵە و هێورکردنەوە دەکات و زۆربەی خەڵک بەو شێلانە خەویان لێدەکەوێت."
رۆبۆتەکە لە پیشەنگەی ئەلیکترۆنیی بەکاربەر ناسراو بە CES لە لاس ڤێگاس بە خۆڕایی سەردانکەران دەشێلێت.
ئانتۆنی رایو، یەکێکە لە سەردانیکەرانی پێشانگەکە و رۆبۆتی مەساجەکە شێلاوییەتی و باسی هەستەکانی دەکات و دەڵێت، "من خەوتم. زۆر خۆشبوو. بەڕاستی سەرنجڕاکێشبوو. هەستەکەی چاوەڕواننەکراوە. زۆر وردە. چێژمان لێی وەرگرت."
بە گوێرەی ئامارێکی کۆمپانیاکە، 80٪ی خەڵک حەزیان لە شێلانی رۆبۆتەکە کردووە. ئەم رۆبۆتە ئەگەر کۆتاییش بە شێلانی تێراپی نەهێنێت، دەبێتە هاوکارێکی باش، لەکاتێکدا ئەگەری هەیە ئەوانەی خەڵک دەشێلن، دەستەکانیان دووچاری شەکەتی و ماندوویەتی بێتەوە.