راپرسییەک: 61%ی ئەمریکییەکان داوای ئاگربەست بۆ شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک پزیشکی پرۆفێشناڵ لەنێو باڵەخانەیەکی حکومی لە سان فرانسیسکۆی کالیفۆرنیا داوای ئاگربەست بۆ شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەکەن. بەگوێرەی راپرسیی سەنتەرێکی توێژینەوەش 61%ی ئەمریکییەکان داوای ئاگربەست بۆ شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە 09-01-2024 بۆردی سەرپەرشتیارانی سان فرانسیسکۆ کە لە 11 یاسادانەر پێکدێن، دەنگیان بۆ ئاگربەستی شەڕ دا، هەرچەندە دەنگەکە هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی نابێت، بەڵام ئەوەش دەچێتە پاڵ ئەو دەنگانەی لە ئەمریکا بۆ پاڵپشتیی ئاگربەست دەدرێن.
 
لێی کیمبێرگ، پرۆفیسۆر دەڵێت، "ئیسرائیل بە شێوەیەکی سیستماتیک سیستمی تەندروستیی غەززە تێکدەدات. نەخۆشخانە، نۆرینگە، ئامبوڵانس و بانکی خوێن و بنکەی هاوکاریی تەندروستی و هاوپیشەکانمانیان بۆردوومان کردوون."
 
بەگوێرەی راپرسییەک کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی Data For Progress کراوە، 61%ی ئەمریکییەکان داوای ئاگربەست بۆ شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەکەن.
 
گیانلەدەستدانی زیاتر لە 23 هەزار کەس لە غەززە، کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن، کاریگەریی لەسەر رای دەنگدەران هەبووە. داوای ئاگربەستی شەڕ زۆر جار خۆی دەکات بەنێو ژووری کۆڕ و کۆبوونەوەی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە بۆنەیەکی ئایینیدا رایگەیاند، "راستییەکەی ئەمریکا لەژێر هەڕەشەدایە، واتە ئازادی و دیموکراسی و وڵاتەکەشمان لەژێر هەڕەشەدایە، چونکە بەبێ راستی، رووناکی نییە. بەبێ رووناکیش، رێگەیەک نییە لەو تاریکییە."
 
لەکاتی قسەکانی بایدندا، ئامادەبوویەکی بۆنەکە قسەکانی بە بایدن بڕی و گوتی، "ئەگەر بەڕاستی لێرەوە ژیانی ئەوانەت بەلاوە گرنگە کە مردوون. پێویستە رێز لەو خەڵکانە بگریت کە مردوون و داوای ئاگربەستی شەڕ بۆ فەڵەستین بکەیت."
 
ئەو ناڕەزاییە لەنێو کەنیسەی Mother Emanuel لە چارلیستن روویدا و ژمارەیەک لە ئامادەبووانی بۆنە ئایینییەکە داوای ئاگربەستی شەڕیان کرد؛ کە ناڕازیانیان بردە دەرەوە، لایەنگرانی بایدن هەستانەوە سەر پێ و گوتیان "چوار ساڵی دیکە."
 
بەگوێرەی راپرسییەکی هاوبەشی رۆیتەرز و ئیپسۆس، لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە 41%ی خەڵک گوتیان، دەبێت ئەمریکا پاڵپشتی لە ئیسرائیل بکات؛ دوای چەند رۆژێک، ئەمە بۆ 32% دابەزی.
 
ئەوانەی داواش دەکەن کە پێویستە ئەمریکا بێلایەن بێت، لە 27% بۆ 39% بەرزبووەوە.