دز و چەتەکانی ژاپۆن پێویستیان بە کارمەندە و هەلی کار رادەگەیێنن
رووداو دیجیتاڵ
دز و چەتەکان لە ژاپۆن دەرفەتی کار بۆ بێکاران دەڕەخسێنن، بەو مەرجەی ئەو بێکارانەی توانایەکی بەرزی هەڵخەڵتاندیان هەبێت و بتوانن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پارە لە گەنج و بە تەمەن وەربگرن. بەو کارە دەڵێن سکام و ئەو کەسەشی خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵک، سکامەرە.
هاوڵاتییەکی ژاپۆنییە کە نایەوێت رووخساری دەربکەوێت، سزای زیندانی دوو ساڵی بۆ بڕدراوەتەوە، بەتۆمەتی دەست تێکەڵکردن لەگەڵ گرووپێکی چەتە دەستگیرکراوە، کە کاریان تاڵانکردنی خەڵکە لە رێگەی ئۆنڵاینەوە.
ئەو هاووڵاتییە ژاپۆنییە دەڵێت، "زۆر گەنج و لاو ئەمڕۆ کەوتوونەتە داوی ئەم کارانە. پێموایە من دەزانم بۆ، چونکە ئەمە وەکو یاری ئەلیکترۆنی وایە، کارت پێدەسپێرن، ئەرکەکان تەواو دەکەیت و خەڵات وەردەگریت. هیچ کەسێک بەچاوی خۆی نابینی و هیچ لە راستی ناچێت."
دەرفەتی کار لای چەتەکانی ژاپۆن زۆر زیادی کردووە، هەر چەند توانای دزیکردنت زۆرتر بێت، چانسی وەرگرتنت لە گرووپەکان ئاسانترە.
چەتەکان تێلیگرام و هەندێک تۆڕ بەکاردەهێنن کە ئاشکرابوونیان قورسە، ناویان لە کارەکە ناوە، یامی بایتۆ.
لە 2022دا لە ژاپۆن فێڵکردن لەخەڵک لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان 30٪ زیادیکرد بەراورد بە ساڵی 2021، چەتەکان 250 ملیۆن دۆلاریان بەم شێوەیە لە خەڵک سەندووە.
پیاوێکی بە تەمەنی ئاینی بووزی، لەگەڵ 50 پیاوی ئاینی دیکە کاریان هۆشیاری و بڵاوکردنەوەی خەڵکە لە گیرفان بڕین.
ئیچی شینۆهارا، پیاوی ئاینییە لەوبارەوە گوتی، "لەو کۆمەڵگەیەدا دۆخی هەستکردن بە تەنیایی بەتەمەنەکان لەگەشەکردندایە ئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی دانیشتووان و هەروەها دوورکەوتنەوەی خەڵک لە ئازیزانیان. لەژێر ئەو هەلومەرجانە، فێڵبازان لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت ئەوانە دەکەنە ئامانج."
لە زستانی 2022دا چەند پیاوێک هەڵیانکوتایە سەر ماڵی پیرەژنێکی 90 ساڵی و هەرچی شتی بەنرخ بوو لێیان دزی و پیرەژنەکەشیان کوشت، ئەمە کۆمەڵگەی ژاپۆنی تاساند. کەسەکان بە ئۆنلاین ئەم کارەیان دەستکەوتبوو.
پۆلیسی ژاپۆن 6600 دۆلار پاداشت دەداتە هەر کەسێک شوێنی سکامەرەکان ئاشکرا بکات. لە 2018 تاوەکو 2022 زیاتر لە 13100 کەس لەسەر فێڵکردن لە خەڵک دەستگیرکراون.