هەمواری یاسای کۆچی ئەوروپا: لەسەر سنوورەکان کەیسی پەناخوازان یەکلایی دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کەیسی کۆچبەر و پەناخوازانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا لە لۆکسمبۆرگ کۆدەبنەوە و تاوتوێی هەموارکردنەوەی سیستمی کۆچی وڵاتەکانیان دەکەن.
هەریەک لەوانەی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارن، دەیانەوێت پرسی کۆچبەران هەمواربکرێتەوە.
لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا نزیکەی 136 هەزار کەس داوای پەنابەرێتییان پێشکێشی ئەڵمانیا کردووە. وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا ئەو بڕیارەی لەبارەی کۆچبەرانەوە دەدرێت، بە "مێژوویی" ناودەبات.
نانسي فێزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیایە و دەڵێت، "ئێمە لە لایەکەوە هاوسۆزیمان هەیە کە پێویستە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشکردنەوەی کۆچبەران بکرێت و پێویستە ئەو خەڵکانە بگەنە هەموو ئەوروپا و ماڵێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە، بەڵام لەمەیاندا پێویستمان بە بەرپرسیارێتی و رێکخستنە. واتە لە داهاتوودا هەموو کۆچبەرێک لە سەر سنوور تۆمار دەکرێت و ئەوانەی هیوای گەورەی سەرکەوتنیان نییە لە یەکێتیی ئەوروپا بمێنن، راستەوخۆ هەر لەسەر سنوورەوە پرۆسەی پەناخوازییەکە بۆیان دەکرێت."
بەگوێرەی پاکێجی نوێی چاکسازییەکان، رێککەوتنی نوێ شوێنی ئەو میکانیزمە دەگرێتەوە کە بە 'رێککەوتنی دەبڵن' دەناسرێت و هەر وڵاتێکی یەکێتیی ئەوروپا نەیەوێت کۆچبەران وەربگرێت، دەبێت 20 هەزار یۆرۆ بداتە سندووقێکی تایبەت کە کۆمیسیۆنی ئەوروپا دایدەمەزرێنێت.