دوو بەلەمی کۆچبەران لە نزیک تونس ژێرئاوکەوتن؛ چوار کۆچبەر گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی دوو بەلەمی پڕ لە کۆچبەر لە نزیک کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی تونس 4 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و 23 کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێنن.
فەوزی محەممەد، گوتەبێژی دادگەی شاری سفاقس لە رۆژهەڵاتی تونس بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، دوو بەلەمی کۆچبەران کە ویستوویانە لە تونسەوە بچنە ئیتاڵیا و، 80 کۆچبەریان تێدا بووە، ژێرئاو کەوتوون و لە ئەنجامدا چوار کۆچبەر خنکاون و 23ـی دیکەش بێسەروشوێنن.
فەوزی محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، هێزی دەریایی تونس 53 کۆچبەری رزگارکردووە، گوتیشی، لێکۆڵینەوەیان لەو رووداوە دەستپێکردووە و ئامانجی یەکەمیشیان دەستگیرکردنی قاچاخچییەکانە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فەوزی محەممەد، یەکێک لە بەلەمەکان 37 کۆچبەری تێدا بووە، ئەوی دیکەشیان 43 کۆچبەر.
لەسەرەتای مانگی رابردووەوە حەوت رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەران لەنزیک کەناراوەکانی تونس روویانداوە، لە ئەنجامدا نزیکەی 100 کەس گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی تونس نزیکەی 150 کیلۆمەتر لە دوورگەی لامپەدوسیای ئیتاڵیاوە دوورن، ئەو دوورگانەش بە وێستگەی یەکەمی گەیشتنی کۆچبەران بۆ نێو خاکی ئیتاڵیا دادەنرێن.
لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 14 هەزار کۆچبەر لە تونسەوە چوونەتە ئیتاڵیا و لەوێ لەلایەن پۆلیسی سنووریی ئیتاڵییەوە دەستبەسەر کراون کە زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی ئەفریقا بوون.