خۆرگیرانی تەواوەتی بەشێکی زەوی تاریک دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

ناسا رێنوێنییەکانی بڵاوکردووەتەوە و خەڵك لە ئەمریکا دەستیانکردووە بە کڕینی چاوێلکەی تایبەت بۆ بینینی دیاردەیەکی دیکەی گەردوونی.
 
خۆرگیرانەکەی 8ی نیسان 4 خولەک و 28 چرکە دەخایێنێت و ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا دەکاتە شەوەزەنگ.
 
کێڵی کۆرێک، کارمەندی ناسایە و دەڵێت، "دەمانەوێ دڵنیابین خەڵك تێبگەن کە سەیرکردنی خۆرگیران دەکرێت زیان بە چاوەکان بگەیێنێت. هەمیشە دەبێت بە ناراستەوخۆ یا لە رێگەی چاویلکەی خۆرەوە سەیری بکەی."
 
44 ملیۆن کەس دەکەونە ئەو ناوچانەی ئەمریکای باکوور کە خۆرگیرانی تەواو دەیگرێتەوە. تەنیا لە ئەمریکا خەڵكی 15 ویلایەت شایەتی دیاردەکە دەبن کاتێک مانگ بە رێکی دەچێتە نێوان خۆر و زەوی.
 
زۆربەی خەڵکیش لە کیشوەرەکە لانیکەم نیمچەخۆرگیران دەبینن.
 
جاکی فاهێرتی، کارمەندی  مۆزەخانەی مێژوویی سرووشتیی ئەمریکایە و باس لەوە دەکات، "بە دەگمەن ئاشنای ئەم دیارە گەردوونیەی سرووشت دەبیت. بەڵێنتان پێدەدەم ئەگەر بۆتان بکرێت بیبینن لە یادتان ناچێت."
 
هۆکاری درێژخایاندنی خۆرگیرانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو رۆژە مانگ 360 هەزار کیلۆمەتر لە زەوی نزیکدەبێتەوە کە ئەمەش نزیکترینە، لەکاتێکدا لە رۆژانی ئاسایی زەوی و مانگ 384 هەزار کیلۆمەتر لەیەکدی دوورن.
 
دوایین درێژترین خۆرگیران لە ساڵی 1973 بوو، ئەفریقای گرتەوە و حەوت خولەکی خایاند. دیاردەی لەم شێوەیەش تاوەکو ساڵی 2150 رووناداتەوە.