جووتیارانی ئەڵمانیا بە تراکتۆرەکانیانەوە چوونە نێو شارەکان و داوای پاڵپشتیی زیاتری حکومەتیان کرد
رووداو - ئەڵمانیا
جووتیارانی ئەڵمانیا بە تراکتۆرەکانیان چوونە نێو شارەکان و داوای پشتگیریی زیاتری حکومەت دەکەن. جووتیاران لە سەرتاسەری ئەڵمانیا لە 8 تاوەکو 15ی کانوونی دووەمی 2024 ژمارەیەک چالاکیی ناڕەزایەتییان دژی پلانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی هاوکارییەکان ئەنجام دا.
ئۆلیڤەر هاینریش، جووتیارێکی خەڵکی ئەڵمانیایە و دەڵێت، "زۆر بە راشکاوی داوا دەکەین نرخەکان دادپەروەرانە بن کە خواردنی ئێمە لە بەرهەمی ناوچەکە بە رێکوپێکی بفرۆشرێت. داوا دەکەین لە بیمەی ئۆتۆمبێلەکانی کارکردنمان، تابلۆی سەوز لانەبرێت. بۆ دیزلیش دەبێت بمێنێت. ناتوانین قبووڵی بکەین و دەستبەرداری ئەو پارەیە بین کە بۆ پشتگیریی ئێمە خەرج دەکرێت، یاخود بەرهەمەکانی ئێمەش هاوشێوەی بازاڕەکانی جیهان بن و ئەو کاتە پشتگیرییەکانی دەوڵەت پێویست نابێت."
جووتیاران داوای لابردنی باجی سەر سووتەمەنی بە رێژەی 21 سەنت بۆ هەر لیترێک دەکەن، یەکێک لەو هاوکارییانەیە کە حکومەت لە جووتیارانی کەمکردووەتەوە، هەروەها باجی سەر ئۆتۆمبێل و پێداویستییەکانی کارکردنیان [زیادکراوە].
خەڵکی ئەڵمانیا گرنگیی کار و بەرهەمی جووتیارانی وڵاتەکەیان باش دەزانن، هەربۆیە بەشێکی بەرچاویان پاڵپشتیی داواکارییەکانیان دەکەن.
گەنجێکی خەڵکی ئەڵمانیا دەڵێت، "پشت بە جووتیاران دەبەستین. هەموو کەس ناتوانێت ئەو کارەی ئەوان بکات. پێویستمان بە دڵنیایی دابینکردن لە ئەڵمانیا هەیە و ئەو نادادیەی ئێمە لە حکومەتی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات، سەوز و لیبراڵەکان دەژین، راستییش تەنیا ئەم حکوومەتە نییە بەڵکو 10 بۆ 15 ساڵ دەبێت ئەو دۆخە هەیە. لە زۆر بواردا نادادی هەیە؛ هاووڵاتییەکی ئاسایی دەبێت تاوەکو بتوانێت باج بدات و کۆمپانیای گەورە کەمتر لە ئێمە باج دەدەن. پێویستمان بە یاسای نوێیە. هیواخوازم لێرەوە کۆتایی نەیێت، بەڵکو یاسای نوێی دژی گەندەڵیمان دەوێت. بەم شێوەیە ناکرێت بەردەوام بێت."
نزیکەی 16 ملیۆن و 600 هەزار هێکتار زەویی ئەڵمانیا لەلایەن کەمتر لە 300 هەزار کۆمپانیای بچووک و مامناوەندەوە لە ئەڵمانیا بۆ کاری کشتوکاڵی و بەرهەمی ئاژەڵ و پەلەوەر بەکاردەهێندرێت؛ بەپێی رێکارەکانی حکومەت، ئەو زەویانە بۆ چاندن و سەوزکردن کەمتر دەبنەوە.