رۆبەرت کێنێدی دەڵێت، ترەمپ دەیەوێت سوپای ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆبەرت ئێف کێنێدی پێیوایە ئەگەر شەڕ لە نێوان هێزە کوردییەکان و تورکیا رووبدات سەربازە ئەمریکیەکان دەبن بە سووتەمەنی ئەو شەڕە. بۆیە دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت سەربازانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا بکشێنێتەوە.
رۆبەرت کێنێدی جونیەر هاوپەیمانی دۆناڵد ترەمپ کە چاوەڕوان دەکرێت پۆستی باڵا لە ئیدارەی ترەمپ وەربگرێت، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەکەر کارڵسن، رۆژنامەڤانی ئەمریکی باس لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2019 لە رۆژئاوای کوردستان بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت: "لە گەشتێکی فڕۆکەوانیدا دۆناڵد ترەمپ نەخشەیەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کێشا و هەموو وڵاتەکانی تێدا دیاری کرد." کەنەدی دەڵێت ترەمپ بە دیاریکراوی سەرنجی لەسەر سنووری نێوان سووریا و تورکیا بوو.
رۆبەرت کێنێدی، بەربژێری سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئەمریکا بوو؛ مانگی ئابی ئەم ساڵ لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی کشایەوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەربڕی.
لە درێژەی قسەکانی دا کەنەدی دەڵێت: "ترەمپ باسی لەوە کردووە کە 500 سەربازی ئەمریکی لە سنووری نێوان سووریا و تورکیا لە کەمپێکدا نیشتەجێکراون و ئاماژەی بە بوونی 750 هەزار سەرباز لە تورکیا و 250 هەزار سەرباز لە سووریا کردووە [ئەوەش نەک هەر سەربازی ئەمریکی، بەڵکو سەربازانی سوپای تورکیا و سووریا و وڵاتانی دیکەش]."
مانگی 10ـی ساڵی 2019 بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، هێزە ئەمریکییەکان لە رۆژئاوای کوردستان کشانەوە، هەر ئەوکات بەشێک لە بەرپرسانى ئەمریکى و چەند وڵاتێکى دیکەى جیهان رەخنەیان لە بڕیارەکەى ترەمپ گرت، بەڵام ترەمپ بێ گوێدانە رەخنەکان هێزەکانی کشاندەوە.
ئێستا نزیکەی 900 راوێژکار و سەربازی ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا هەن. پار گۆنگرێسی ئەمریکا ماوەی مانەوەی ئەو راوێژکار و سەربازانەی درێژکردەوە.
بەگوتەی کێنێدی، لە نێو فڕۆکەکە دا کۆمەڵێک ژەنەراڵیش ئامادەبوونە، بە ترەمپیان راگەیاندووە کە ئەگەر شەڕ لە نێوان تورکیا و هێزە کوردییەکان روو بدات، سەربازە ئەمریکییەکان دەبنە سووتەمەنی ئەو شەڕە. لە وەڵامدا ترەمپ یەکسەر فەرمانی داوە سەربازە ئەمریکییەکان بکشێنەوە و گوتوویەتی: "بیانگەڕێننەوە"
ئەمریکا لە ساڵی 2014وە پاڵپشتی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگەی کردووە وەک بەشێک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە لە شەڕی دژی داعش. ئێستا رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی باکووری سووریا لەژێر دەستی هەسەدە دایە.