ئوسترالیا و ئەمریکا بەهۆی ئەپێکەوە سەتان مافیا دەستگیردەکەن
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئوسترالی ئاشکرای کرد، بە هاوبەشی ئوسترالیا، ئەمریکا، نیوزلەندا و وڵاتانی ئەوروپا، فراوانترین هەڵمەتی دەستگیرکردنی گرووپ و ئەندامانی مافیایان لە جیهاندا کردووە و سەدان ئەندامی مافیاکانیان دەستگیرکردووە.
ئەو ئۆپەراسیۆنە کە بە ئۆپەراسیۆنی قەڵخانی تەروادە ناسراوە، ماوەی سێ ساڵە دەستیپێکردووە و لەرێگەی ئاپیلکەیشنێکەوە کاری بۆ کراوە و زانیاریی تەواو لەسەر گرووپە تاوانکارییەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر کۆکراوەتەوە.
ئەپلیکەشینەکە لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا FBI بەڕێوەبراوە، بەو هۆیەشەوە دزەیان کردووەتە ناو زانیارییە نهێنییەکانی گرووپە مافیاکانەوە هەر بۆیە ئۆپەراسیۆنەکە ناونراوە قەڵخانی تەروادە.
پۆلیسی ئوسترالی رایگەیاندووە ئۆپەراسیۆنەکە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئینتەرپوڵ و دەزگا ئەمنییە هاوبەشە جیهانییەکانە، کە دەزگای ئەمنی دەیان وڵاتی جیهان بەشدارییان تێدا کردووە و ئۆپەراسیۆنەکەش پێشکەوتووترین جۆری ئۆپەراسیۆن بووە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا.
هەر لەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە تەکنەلۆژییەدا سەدان کەس لە ئەندامانی گرووپەکە دەستگیرکراون و تەنیا لە ئوسترالیا 224 ئەندامی گرووپە مافیاییەکان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
جگە لەوەش هەر لە ئوسترالیا چوار تۆن مادەەی هۆشبەر، 35 ملیۆن دۆلار و کەلوپەلی مافیاکان دەستیان بەسەردا گیراوە. هەروەها شەش تاقیگەی نایاسایی بۆ تێکەڵکردن و دروستکردنی پێکهاتەی جیاوازی مادەی هۆشبەر داخراون و 21 هەڕەشەی کوشتنیان پووچەڵ کردووەتەوە، کە پۆلیسی ئوستراڵی دەڵێت پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەکان ژیانی پێنج خێزانی ئوسترالی رزگارکردووە.
لە نیوزلەنداش 35 ئەندامی ئەو گرووپانە دەستگیرکراون و چەند شوینێکی نهێنیی پاراستنی مادەی هۆشبەریان ئاشکرا کردووەو دەستیان گرتووە بەسەر ملیۆنان دۆلاری گرووپەکاندا، بەڵام ئاماژە بە بڕی پارەکە نەدراوە.
ئەم هەڵمەتە جیهانییە لە ساڵی 2018ەوە بە هاوبەشی ئینتەرپول، یۆرۆرپول، هێزە ئەمنییەکانی ئوسترالیا و نیوزلەندا، ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستیپێکردووە و FBI سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی ئەو ئاپلیکەیشنەی کردووە، کە وەک تەڵەیەک بۆ راوکردنی گرووپە مافیاکان و ئەوانە بەکارهێنراوە، کە کاریان بۆ دەکردن.
ئاپەکە بەجۆرێک بووە، کە رێگەی بۆ گرووپە مافیاکان کردووەتەوە بە ئاسانی بەکاریبهێنن و نهێنییەکانی خۆیانی تێدا بپارێزن، مافیاکانیش بەو جۆرە هەڵخەڵتێنراون و وایانزانیوە بەکارهێنانی ئاپەکە سەلامەتە، بەڵام FBI توانیویەتی کۆدی هەموو نامە تایبەتەکان بکاتەوە، بەو جۆرە شوێن و پلانی و تەنانەت هەڕەشە و پلانی کوشتنیش لەلایەن مافیاکانەوە لە جیهاندا ئاشکرا بکات.
ئەوانەشی تاوەکو ئێستا دەستگیرکراون زۆربەیان خەڵكی ئوسترالیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتینن.