ئەمریکا فڕۆکەی بۆینگ B-52 رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

رووداو-هەولێر

بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، واشنتن گەورەترین فڕۆکەی جەنگی ئەو وڵاتە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. 


وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، چوار فڕۆکەی جۆری بۆینگ B-52 رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت و ئەگەری هەیە زیاتریش بکرێن. واشنتن رایگەیاندووە، ئاماژەی روون لە ئارادایە لەبارەی ئەوەی ئێران پلانی هێرشکردنەسەر هێزەکانیانی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، وەک بەشێک لەناردنی هێزی دیکە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واشنتن چوار فڕۆکەی جۆری بۆینگ B-52 رەوانەی ناوچەکە دەکات.

رەوانەکردنی B-52 بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەکاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ دەڵێت ''ئاماژەی روون هەن'' کە ئێران هەڕەشەیە بۆسەر هێزەکانیان لە ناوچەکە.

هێشتا رووننییە کە ئەم فڕۆکانە و هەروەها کەشتی جەنگی ئەبراهم لینکۆڵن کەی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێدەکەون، چەند بەرپرسێکی ئەمریکی رایانگەیاندووە، رەنگە گۆڕانکاری بەسەر ژمارەی فڕۆکەکان بێت، هاوکات پێشتر ئەمریکا فڕۆکەی جۆری B-51ی رەوانەی ناوچەکە کردووە.

ناردنی کەشتی و فڕۆکەی جەنگی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ناوچەکە لەکاتێکدایە، پێشتر فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کە بەرپرسە لە هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستان داوای لە پێنتاگۆن کردووە هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەکە بکات. سێنتکۆم بە واشنتنی راگەیاندووە، ئاماژەی روون هەن هێزەکانی سەر بە ئێران ئامادەکاریی دەکەن بۆ کردنە ئامانجی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

فڕۆکەی B-52

گەورەترین فڕۆکەی جەنگی ئەمریکییە
دوو جۆری هەیە: B-52B و B-52H
لەلایەن کۆمپانیای بۆینگ دروستکراوە
یەکەمین گەشتی لە نیسانی 1952 ئەنجامداوە
زیاتر لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریکاوە بەکاردەهێندرێت
توانای هەڵگرتنی 744 بۆمبی هەیە
تێچووی جۆری B-52B سەد و چوار ملیۆن دۆلارە
تێچووی جۆرەکەی دیکەی 60.2 ملیۆن دۆلارە 
ئەم فڕۆکەیە لە توانایدایە 14000 کم بەبێ پڕکردنەوەی سووتەمەنی ببڕێت