ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی بەریتانیا

رووداو- لەندەن

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا، پارتی پارێزگاران کە بە تۆریس ناسراوە، بە سەرکردایەتی دەیڤید کامیرۆن لە زۆرینە نزیکبووەتەوە و توانیویەتی 325 کورسی بەدەستبهێنێت، لە بەرامبەریشدا پارتی کاری بەریتانیا بە سەرکردایەتی ئید میلباند، توانیویەتی 232 کورسی بەدەستبهێنێت.
   
لە سکۆتلاند پارتی کار لە بەرامبەر پارتی نیشتیمانیی سکۆتلاند تووشی شکستێکی گەورە بووە، کە توانیویەتی 56 کورسی بەدەستبهێنێت، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 پارتی نیشتیمانیی سکۆتلاند تەنیا 7 کورسی بەدەستهێنابوون،  بەڵام ئەمجارەیان  توانی49 کورسی دیکە بباتەوە، ئەمەش بە سەرکەوتن بۆ سکۆتییەکان دادەنرێت.

هەروەها پارتی لیبراڵ دیموکرات تەنیا 12 کورسی بەدەستهێناون و پارتی سەربەخۆی بەریتانیاش دوو کورسی، پارتەکانی دیکەش 19 کورسییان بەدەستهێناون. میدیاکانی بەریتانیا لەو باوەڕدان ئەم ژمارەیە ژمارەی کۆتایی نییە و رەنگە گۆڕانی بەسەردابێت.

دوای 38 رۆژ هەڵمەتی هەڵبژاردنی بەریتانییەکان، رۆژی پێنجشەممە  7 ئایار  ناوەندەکانی دەنگدانی بەریتانیا کرانەوە. پەرلەمانی بەریتانیا لە 650 کورسی پێکهاتووە، واتا بۆ دامەزراندنی حکومەت پێویستە لایەنێك 326  کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت.