کیشوەری ئەمریکای باکوور خۆی بۆ خۆرگیرانی تەواوەتی ئامادە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ خۆرگیرانی تەواوەتی لە کیشوەری ئەمریکای باکوور روودەدات.
کاژێر 2:07 خولەکی دوای نیوەڕۆ بە کاتی نێوخۆ (9:07ی شەو بەکاتی هەولێر)، سێبەری مانگ دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی مەکسیک، دواتر بەرەو باکووری رۆژهەڵات دەڕوات و 15 ویلایەتی ئەمریکا دەبڕێت تا دەگاتە کەنەدا.
لەو شوێنانەی کە خۆرگیرانی تەواوەتیی تێدا دەبینرێت، چالاکیی جۆراو جۆر رێکخراون، لەوانەش فێستیڤاڵ، ئاهەنگی میوزیک و ئاهەنگی هاوسەرگیریی بە کۆمەڵ.
لەو شوێنانە بۆ ماوەی چەند خولەکێک، مانگ بە تەواوی بەری خۆر دەگرێت و ناهێڵێت رووناکی و بەشێک لە گەرمییەکەی بگاتە سەر زەوی، بەڵام تەنیا ئەوانەی بەختی کەشوهەوایەکی باشیان هەیە، دیمەنە گەردوونییە ناوازەکە دەبینن، چونکە پێشبینی دەکرێت لە هەندێ شوێن هەورەکان رێگە بە بینینی نەدەن، بە تایبەتیش لە باشوور و نێوەڕاستی ئەمریکا.
بیڵ نێلسن، بەڕێوەبەری ناسا دەڵێت: "خۆرگیران هێزێکی تایبەتی هەیە. بە شێوەیەک لە شێوەکان وا لە خەڵک دەکات جۆرێک رێزگرتنیان بۆ جوانیی گەردوونەکەمان هەبێت."
ئەو رێڕەوەی کە خۆرگیرانی تەواوەتیی پێدا دەڕوات، 185 کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە و نزیکەی 32 ملیۆن ئەمریکی دەیبینن. 150 ملیۆن ئەمریکیی دیکەش لە ناوچەکانی دیکەی دوور لە هێڵەکە، بە نیمچەیی دەیبینن.
دوایین جار ئەم دیاردەیە لە ئەمریکای باکوور روویدابێت، ساڵی 2017 بوو و تاوەکو ساڵی 2044یش دووبارە نابێتەوە.
فێستیڤاڵ، گەشتکردن، خۆشەویستی
فرۆشگە و شوێنە بازرگانییەکان، جۆشوخرۆشی خەڵکەکەیان بۆ بینینی خۆرگیران بە دەرفەت زانیوە و ژمارەیەک بۆنەی تایبەتیان رێکخستووە. ئەو هۆتێل و مۆتێلانەشی کە دەکەونە سەر هێڵی خۆرگیرانی تەواوەتی، چەند مانگێکە هەموو ژوورەکانیان پێشوەخت گیراون.
هەروەها زیاتر لە 90٪ی ئەو خانوو و ژوورانەشی لە رێگەی ئەپی Airbnb بە کرێ دەدرێنەوە، کە دەکەونە سەر رێڕەوەکە، ماوەی چەند مانگێکە گیراون. هەروەها گەڕان بە دوای ئەو شوێنانەدا لە هەفتەی رابردووەوە لەسەر گووگڵ، هەزار هێندە زیادیکردووە.
لە پارکی ستۆنهێنج دوو لە شاری ئینگرامی تێکساس، کە هاوشێوەیەکی لەبەرگیراوی ستۆنهێنجی بەریتانیایە، خەڵکی سەرانسەری جیهانی لێ کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی تەماشەی خۆرگیرانەکە بکەن.
جیم سالتیجیراڵد، تەمەنی 62 ساڵە و لەگەڵ ژن و دوو منداڵی چوونەتە ئەو شوێنە. ئەو دەڵێت: "ئەمە سێیەم خۆرگیرانمانە کە دەیبینین. هەموومان نزادەکەین و ئاوات دەخوازین هەورەکان نەمێنن بۆ ئەوەی بتوانین بیبینین."
لە شاری کلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمریکا، بەرپرسان پێشبینی دەکەن 200 هەزار گەشتیاریان بۆ بڕوات. هۆڵێکی بەناوبانگی شارەکە چوار رۆژ ئاهەنگی لایڤ میوزکی رێکخستووە.
لە شاری رەسڵڤیڵی ویلایەتی ئەرکەنساس، 300 بووک و زاوا (600 دەستگیراندار) بە کۆمەڵ لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە کاتی خۆرگیرانەکە مارەدەکرێن، ئەوکاتەی کە "ئەڵقە رووناکییە تەنکەکەی دەوری مانگ لە شێوەی ئەڵقەیەکی گەورەی هاوسەرگیریدا بە ئاسمانەوە دەردەکەوێت."
ژمارەیەکی زۆری قوتابخانەکانی سەر رێڕەوەکە، دادەخرێن یانیش قوتابیەکانیان درەنگتر دەنێرنەوە. ژمارەیەک کۆمپانیای فڕۆکەوانیش ریکلامیان بۆ گەشتی ئاسمانی کردووە کە بە رێڕەوی خۆرگیرانەکەدا دەڕۆن.
پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی پێریمان گرووپ کە بنکەکەی لە تێکساسە، پێشبینی دەکات کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی خۆرگیرانی ئەمساڵ بگاتە شەش ملیار دۆلار.
سەیروسەمەرەکانی دیکە
شەش بەندکراویش لە نیویۆرک سکاڵایان لەسەر زیندانەکەیان تۆمارکرد لەسەر ئەوەی کە بڕیاریدابوو لە کاتی خۆرگیرانەکە رێگەیان پێنەدات لە ژوورەکانیان بچنە دەرەوە.
بەندکراوەکان کە یەکێکیان موسڵمانە، یەکێکیان بێ ئایین، یەکێکیان سانتێری (تێکەڵەیەک لە ئایینی کرستیان و بیروباوەڕە کۆنە ئەفریقییەکان) و ئەوانی دیکەش کریستیانن، زیندانەکەیان تۆمەتبارکردبوو بەوەی مافی دەستووری پەیڕەوکردنی بیروباوەڕەکانیانی پێشێلکردووە، چونکە هەموویان دیاردە گەردوونییەکە بە بۆنەیەکی ئایینی دادەنێن.
بێ ئایینەکەش گوتبووی، بەشداریکردن و کۆبوونەوە لەگەڵ بڕوادارەکانی دیکەدا، بەشێکە لە بیروباوەڕی خۆی.
زیندانەکە رازیبووە بەندکراوەکان لە ژوورەکانیان بچنە دەرەوە و سەیری خۆرگیرانەکە بکەن، ئەوانیش سکاڵاکەیان کشاندووەتەوە. زیندانەکە هەروەها بڕیاریداوە چاویلکەی تایبەت بەسەر ستافەکەی و بەندکراوانیشدا دابەش بکات بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانی بەندینخانەکە سەیری خۆرگیران بکەن.
ویلایەتی ئیندیانای ئەمریکا و هەرێمی نیاگارای کەنەداش باری فریاگوزارییان راگەیاندووە، چونکە شارەکانیان دەکەونە سەر هێڵی خۆرگیرانی تەواوەتی و چاوەڕوان دەکرێت سەدان هەزار گەشتیار روویان تێبکەن و گوشار لەسەر خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان دروستبێت.
هەروەها ویلایەتی ئۆکلاهۆما پاسەوانی نیشتمانیی جێگریکردووە بۆ پاراستنی دۆخەکە و یارمەتیدانی فەرمانگەکانی دیکە لە پێشوازیکردنی لێشاوی گەشتیاران.
ناوچەی تراڤیس لە ویلایەتی تێکساس "باری کارەساتی نێوخۆیی" راگەیاندووە، چونکە چاوەڕێ دەکات ژمارەی دانیشتووانی لەم دوو رۆژەدا بۆ دوو هێندە زیاد بێت و بارگرانی بۆ ترافیک، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و نەخۆشخانەکان دروستبێت. هەروەها 60 قوتابخانەی ویلایەتی ئیلینۆی بۆ ئەمڕۆ داخران.
قۆستنەوەی زانستییانە
لە پاڵ هەموو ئەو شتانە، لە رووی زانستیشەوە ئەم دیاردەیە بە دەرفەت دەبینرێت. ناسا پلانی وایە، سێ مووشەکی تاقیکردنەوە، لە پێش و پاش و کاتی خۆرگیرانەکە، هەڵبدات بۆ ئەوەی بزانێت تاریکداهاتنە کتوپڕەکە چ کاریگەرییەک دەخاتە سەر ئایۆنۆسفێر یاخود بەرگەئایۆن، کە چینێکی سەرووی بەرگەهەوایە و بۆ پەیوەندیی دوورمەودای رادیۆ گرنگە.
خۆرگیرانەکە هەروەها دەرفەتێکی زێڕینە بۆ لێکۆڵینەوە لە خەرمانەی خۆر، یاخود چینی دەرەوەی بەرگەهەوای خۆر کە لە رۆژانی ئاسییدا بەهۆی رووناکیی بەهێزی رووی خۆرەوە نابینرێت.
زانایان هەروەها دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لەسەر گیانەوەران بکەن بۆ ئەوەی بزانن لە کاتی خۆرگیران چۆن هەڵسوکەوت دەکەن. لە خۆرگیرانەکانی رابردوودا، بەشێک لە گیانەواران هەستیان بە ترس و پەشۆکان کردووە، بۆ نموونە، ملدرێژەکان (زەرافەکان) خێرا رایانکردووە، کەڵەشێرەکان بانگدەدەن و قاڵۆنچە و سیسرکەکانیش زیکەزیک دەکەن.
ناساش پڕۆژەیەکی زانستیی تایبەتی بە خۆرگیران راگەیاندووە و داوای لە خەڵکی ئاسایی کردووە لە رێگەی تۆمارکردنی دەنگی سرووشت و ناردنی بۆ ئاژانسەکە، لە لێکۆڵینەوەکەیاندا بەشدار بن.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە مرۆڤیش لە کاتی خۆرگیراندا هەست بە ترس دەکات و کۆمەڵایەتیتر دەبێت.
سەرەتا سەلامەتی
سەلامەتی لە کاتێکی لەم شێوەیدا گرنگە. دامودەزەگەکان داوایان لە خەڵک کردووە چاویلکەی تایبەت بە خۆرگیران بەکاربێنن بۆ ئەوەی زیان بە چاویان نەگات.
لە دوای خۆرگیرانەکانی رابردوو، ژمارەیەکی زۆری خەڵک سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە بەهۆی لێڵبوونی چاویان، گۆڕانی رەنگەکان و دروستبوونی خاڵی رەش لە پێش چاویان.
تەنیا ئەوانەی دەکەونە سەر هێڵێ خۆرگیرانە تەواوەتییەکە دەتوانن چاویلکە سەلامەتەکانیان لاببەن و بۆ ماوەی چەند خولەکێکی کەم، سەیری خەرمانەی خۆر لە پشت سێبەری مانگەوە بکەن، بەڵام پێویستە دڵنیابن لەوەی کەی دەستپێدەکات و کەی کۆتایی دێت و چاویلکەکانیان لە کاتی خۆیدا بەکاربێننەوە.
دوایین جار لە عێراق و هەرێمی کوردستان خۆرگیرانی تەواوەتی روویدابێت، 11ی ئابی 1999 بوو و بە گوێرەی لێکدانەوە گەردوونییەکان، تاوەکو ساڵی 2081 لە رۆژهەلاتی نێوەڕاست دووبارە نابێتەوە.