رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لە کاتی گوتاری ساڵانەی بایدن و کاژێرەکەی دوای گوتارەکەدا زۆرترین پارە بە شێوەی ئۆنلاین بۆیان نێردراوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری سەرەکی پارتی دیموکرات بۆ سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمریکا، کاژێر 9:00ی شەوی پێنجشەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا، واتە کاژێر 5:00ی بەیانی رۆژی هەینی بە کاتی هەولێر، گوتاری ساڵانەی پێشكێش بە خەڵکی وڵاتەکەی کرد.
بەرپرسەکەی کەمپەینی هەڵبژاردنی بایدن بە میدیای وڵاتەکەی گوت، کاژێری گوتارەکە و کاژێری دوای گوتارەکە باشترین کاژێرەکانی کۆکردنەوەی پارە بوون بۆ کەمپەینەکە کە لە لایەن جەماوەرە بۆیان نێردراوە.
پێشتر کەمپەینی بایدن رایگەیاندبوو کە یەک ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە، هەروەها دوای "سێشەممەی گەورە"یش یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری لە 24 کاژێردا کۆکردەوە.
کۆکردنەوەی پارەی ئەم هەفتەیە بە شێوەی ئۆنلاین دوای ئەوە هات کە کەمپەینەکە مانگی شوبات زۆرترین پارەی لە بەخشەرەکانەوە پێ گەیشت، بە جۆرێک کە تەنیا لە دوایین رۆژی مانگەکەدا دوو ملیۆن دۆلاری بۆ نێردرا و کۆی گشتی ئەو پارەیەی لەو مانگەدا پێی بەخشرا بوو گەیشتە لانیکەم 42 ملیۆن دۆلار.
بایدنی تەمەن 81 ساڵ بەربژێری سەرەکیی دیموکراتەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەم ساڵ کە لە 5ی مانگی 11 دەکرێت.
بەخشینی ئۆنلاین تەنیا یەکێکە لەو رێگەیانەی کە بەربژێرەکان پارە بۆ هەڵمەتەکەیانی پێ کۆدەکەنەوە.
بەخشەرەکان چ هاووڵاتی بن یان بازرگان و دامەزراوە، دەتوانن پارە راستەوخۆ بۆ لیژنەی کەمپەینەکە بنێرن.
هەروەها لیژنەی پارتە سیاسییەکانیش پارە بۆ بەربژێرەکانیان کۆدەکەنەوە. بەشێک لە بەربژێرە دەوڵەمەندەکانیش پارەی خۆیان بەکاردێنن؛ هەروەها هەر بەربژێرێکیش، دەتوانێت بۆنەی تایبەت بە کۆکردنەوەی پارە رێکبخات. ئەمە جگە لەوەی کە حکومەتی ئەمریکاش بە شێوەیەکی سنووردار پارە بە هەر بەربژێرێک دەدات، بەڵام هەموو ئەو سەرچاوانە دەخرێنە ژێر وردبینیی تووندوتۆڵی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی فیدراڵیی وڵاتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ