سیناتۆرێکی ئەمریکا: یو ئێس ئەید 20 ملیۆن دۆلاری بۆ پرۆگرامێکی منداڵان لە عێراق خەرج کردووە

08-02-2025
جیهاد مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جۆنی ئێرنست، خانمە سیناتۆری کۆماری لە ویلایەتی ئایوا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لیستی ئەو پڕۆژانەی بڵاوکردەوە کە ئاژانسی ئەمریکا بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی (USAID) لە سەرانسەری جیهان پارەداری کردوون.
 
ئاژانسەکە کە یارمەتیی 120 وڵاتی جیهان دەدات و 50 ملیار دۆلار بودجەی ساڵانەی بوو، هەفتەی رابردوو لەسەر پێشنیازی ئیلۆن مەسک، وەزیری وەزارەتی کارامەیی حکومەت لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ داخرا.
 
لە یەکێک لەو پڕۆژانەی ئێرنست باسی کردووە دەڵێت، ئاژانسەکەی ئەمریکا 20 ملیۆن دۆلاری لە عێراق بۆ بەرهەمهێنانی زنجیرەیەکی منداڵان خەرجکردووە.
 
پڕۆژەکە لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن جێبەجێ کراوە و پارەکە دراوەتە رێکخراوی ناحکومی و قازانج نەویستی (سێسەمی وۆرکشۆپ).
 
رێکخراوەکە زنجیرەیەکی تایبەتی بۆ منداڵانی عێراق بەناوی (ئەهلەن سمسم عێراق) بەرهەمهێناوە "کە یارمەتیی لەخۆگرتن، ئاوێتەکردن، رێزی هاوبەش، تێگەیشتن و یەکدی قبووڵکردن لەنێو گرووپە جیاوازە نەتەوەیی، تائیفی و ئاینییەکان دەدات."
 
ئێرنست پڕۆژەکەی بە "بەهەدەردانی پارە" ناوبردووە.
 
پێش داخرانی وێبسایتەکەی، ئاژانسی USAID رایگەیاند، "عێراق خەریکە لە ساڵانێکی تەنگژە و شەڕ چاکدەبێتەوە، کۆمەڵگەکانی هەوڵی ئەوە دەدەن مانایەک بۆ ئاساییبوونەوەی ژیان بدۆزنەوە، ئەمە لە کاتێکدا برینە جەستەیی و دەروونییەکان هێشتا ماون. شەڕی داعش لە عێراق چەندین منداڵی دەربەدەر و ئاوارەکرد، بەتایبەت ئەو منداڵانەی لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانن."
 
ئاژانسە ئەمریکییە داخراوەکە هەروەها رایگەیاند، "گەنجانی عێراق کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن، ناتوانن لە وڵاتەکەی خۆیان کە شەڕ و گەندەڵی بەرۆکی گرتووە، کارێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە."
 
زنجیرەکەی ئەهلەن سمسم لەسەر شێوازی بەرنامەی (Sesame Street)ی ئەمریکی دروستکراوە، ئەو پارەیەشی بۆی خەرجکراوە لە 2021 تاوەکو 2027ـە و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پەخشکردنی ئەڵقەکانی بەردەوام دەبێت.
 
وێبسایتی رێکخراوی (سێسەمی وۆرکشۆپ) لەبارەی دەستپێشخەریی (ئەهلەن سمسم) رایگەیاند، "بەشێوەیەکی راستەوخۆ خزمەتگوزارییەکانمان گەیشتوونەتە زیاتر لە سێ ملیۆن منداڵ و چاودێری منداڵان لە عێراق، ئوردن، لوبنان و سووریا؛ هەروەها 27 ملیۆن منداڵ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، سوودیان لە ڤیدیۆ و زنجیرە عەرەبییەکانی ئەهلەن سمسم وەرگرتووە."
 
سیناتۆرەکەی سەر بە پارتی کۆمارییەکان چەند نموونەیەکی دیکەی پڕۆژەکانی USAIDی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دوو ملیۆن دۆلار بۆ خولی دروستکردنی گۆزەی گڵین لە مەغریب؛ دوو ملیۆن دۆلار بۆ پشتیوانیکردن لە گەشتکردن بۆ لوبنان؛ یەک ملیۆن دۆلار بۆ پارەدارکردنی توێژینەوەکە لە تاقیگەیەکی شاری وهان لە چین؛ 9 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاریی مرۆیی بۆ سووریا کە کەوتە دەستی تیرۆریستان؛ خەرجکردنی سەدان هەزار دۆلار بۆ ناردنی هاووڵاتییانی ئۆکراینا بۆ پێشبڕکێیەکی جلوبەرگ لە پاریس" تەرخانکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە