دیبەیتێک لەبارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچوو؛ 'دەبێت پاڵپشتیان بین و بیانپارێزین'

رووداو دیجیتاڵ

لە پەرلەمانی بەریتانیا، دیبەیتێک لەسەر پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان بە بەشداریی چەند ئەندام پەرلەمانێکی بەریتانیا بەڕێوەچوو، تێیدا باسی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کێشەی بودجەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا. 
 
رۆژی چوارشەممە 7ـی شوباتی 2024، چەند ئەندام پەرلەمانێکی بەریتانیا دیبەیتێکیان لە پەرلەمانی بەریتانیا رێکخست و لە دیبەیتەکەدا باس لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرا، بەشێک لە بەشداربووان تیشکیان خستە سەر توانای بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی کوردستان و یارمەتی بەریتانیایان لەو رووە بۆ کوردستان بە گرنگ زانی.
 
جاک لۆپرێستی، ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر لیستی پارتی پارێزگاران لە دیبەیتەکەدا گوتی "ئێستا کوردستان بەتەواوەتی بێ توانایە لە بەرگریکردن لەخۆی، هیچ ئامرازێکی دیاریکردن و خستنەخوارەوەی ئەو مووشەک و درۆنانەی نییە، کە ئاراستەی دەکرێن. ئێران و هێزەکانی نزیک لە ئێران هێرش دەکەنە سەر کوردستان و کوردستان دەکەنە قوربانی. بەریتانیا دەبێت یارمەتیی کوردستان بدات، پاڵپشتییان بکات و دۆستە خۆشەویستەکانمان بپارێزێت."
 
ئەو گوتانەی ئەو ئەندام پەرلەمانەی بەریتانیا لەکاتێکدایە، شەوی دووشەممە 15-01-2024، بە 11 مووشەک هێرش کرایە سەر چەند ئامانجێک لە هەولێر، کە زیاتر لە 7 مووشەکیان ئاراستەی ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری ناسراوی هەولێر کران و بەو هۆیەوە خۆی، منداڵێکی کەمتر لە یەک ساڵی، کارگوزارێکی ماڵەکەی و هاوڕێیەکی گیانیان لەدەستدا.
 
دوای هێرشەکە، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریێتی لە ئەستۆگرت و رایگەیاند "بنکەی سیخوڕیی رژێمی زایۆنیمان کردووەتە ئامانج"، حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش ئەو تۆمەتانەیان رەتکردنەوە و رایانگەیاند، وەک دیارە ماڵی هاووڵاتی سڤیل کراوەتە ئامانج. 
 
کێشەی بودجە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان بەغدا و هەولێر 
 
بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی بەریتانیا باسیان لە ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی بودجە و نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد، داوایانکرد هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
 
وەین دەیڤد، ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر لیستی پارتی کرێکارانی بەریتانیا گوتی "هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لە کۆتاییەکانی ئاداری 2023ـەوە وەستاوە و لەوکاتەوەش ناوبژیوانی لەسەر ئەو پرسە بەردەوام بووە. ئەوە پرسێکی زۆر گرنگە، چونکە هەناردەکردنی نەوت 80٪ـی بودجەی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت و پێویستە بەپەلە ئەو پرسە چارەسەر بکرێت".
 
بە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی پاریس، لە 25ـی ئاداری 2023ـوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا راگیراوە.
 
لە 9ـی کانوونی یەکەمی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرنامەی بێستوون تۆکدا رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و تێچووی نەوتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ هەموارکردنی یاسای بودجە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەموارەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند نەکراوە بۆ ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
 
پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 لە حوزەیرانی 2023 پەسندکرا، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
 
بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکان نیگەرانیی خۆیان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربڕی و داوایان کرد "بەزووترین کات" هەڵبژاردن بکرێت.
 
لیۆ دۆکەرتی، وەزیری دەوڵەت بۆ ئەوروپا و ئەمریکای باکوور لە پەرلەمانی بەریتانیا گوتی "هەڵبژاردنەکان بەشێکی گرنگی پرۆسەی دیموکراتین، بەڵام ئەوە جێگەی نیگەرانییە کە هەڵبژاردنی پەرلەمان دواخراوە، بەهیواین هەموو لایەک، لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغداش کاربکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت."
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیاربوو لە 1ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022 بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی شێوازی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، نەتوانرا لەو رۆژەدا هەڵبژاردن بکرێت، ئەمەش پرسێکی دیکەی دیبەتەکە بوو. 
 
رۆژی 30-05-2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە، بەوەش نەتوانرا یاساکە هەموار بکرێتەوە و دامەزراوەکان پەکخران، بڕیاردرا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەببرێت، ئەویش دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
بەڵام لەو وادەیەشدا هەڵبژاردنەکە ناکرێت و ئێستا هەموو سەرنجەکان لەسەر دانیشتنی رۆژی 11ـی ئەم مانگەی دادگەی فیدراڵیی عێراقن، کە بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک لەبارەی یاسای هەڵبژاردن رێکخراوە.