بەهۆی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس دوو کەس گیانیان لەدەستداوە؛ ئەستێرەکانی هۆڵیوود ناوچەکە جێدەهێڵن

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی ئاگرێکی فراوان لە شاری لۆس ئەنجڵسی ئەمریکا، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 30 هەزار کەسیش باوچەکەیان جێهێشتووە. لەنێویاندا دەیان ئەستێرەی هۆڵیوود هەبوون. 
 
رۆژی چوارشەممە 08ـی کانوونی دووەمی 2025، بەرپرسانی ویلایەتەکە رایانگەیاند چاوەڕێ دەکەن بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە ئاگرەکە تەشەنەبسێنێت. گێڤن نیوسم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا باری لەناکاوی لە تەواوی ویلایەتەکە راگەیاند. 
 
بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە رۆژئاوای ئەمریکا رایانگەیاند تاوەکو ئێستا ئاگر چەندین گەڕەکی شاری لۆسئەجلیسی سووتاندووە، کە هەندێکیان بە گەڕەکی دەوڵەمەند و ئەستێرەکانی هۆڵیوود ناسراون. ئاگرەکە نزیکەی هەزار و 200 هێکتاری لە رووبەری ویلایەتەکە گرتووەتەوە.
 
بەهۆی فراوانبوونی ئاگرەکەش، خەڵکێکی زۆر لەو گەڕەکانە ماڵیان جێهێشتووە و قەرەباڵخییەکی زۆر لە رێگە سەرەکییەکانی دەرچوون لەو شارە دروست بووە. 
 

 
کارین باس، سەرۆک شارەوانی لۆسئەنجلس، داوای لە هاووڵاتییان کرد، پابەندی رێنمارییەکان بن و ئەگەر پێویستی کرد پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانەوە بکەن. گوتیشی، "بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و خۆتان بپارێزن." 
 
تیمی ئاگرکوژێنەوە زیاتر لە 24 کاژێرە سەرقاڵی کۆنترۆلكردنی ئاگرەکەن، بەڵام هێشتا پێیان کۆنترۆل نەکراوە. بەهۆی ئاگرەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکیش بریندارن، یەکێک لە بریندارەکان کارمەندی ئاگرکوژێنەوەیە. 
 
بەرپرسانی لۆسئەجلس دەڵێن، کارەبای زیاتر لە 210 هەزار ماڵ و باڵەخانەی بازرگانی پچڕاوە و زیاتر لە هەزار خانوو و باڵەخانەش بە تەواوەتی سووتاون. 
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەنیاز بووە گەشت بۆ لۆسئەجلس بکات، بەڵام بەهۆی ئاگرەکە و راگەیاندنی باری لەناکاو، گەشتەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و دواتریش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، چاودێری دۆخەکە دەکات و قسەی لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتەکەش کردووە.