ئەڵمانیا کەسێکی ئێرانی بە تۆمەتی ئامادەکاری بۆ هێرشکردن دەستگیر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، کەسێکی بە رەچەڵەک ئێرانی بە تۆمەتی ئامادەکردن و پیلاندانان بۆ هێرشێک بە بەکارهێنانی مادەی کیمیایی، لە رۆژئاوای ئەڵمانیا دەستگیر کراوە.
 
رۆژی یەکشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2023، پۆلیسی شاری مونستەری ئەڵمانیا و نووسینگەی داواکاری گشتیی دۆسڵدۆرف رایانگەیاند، پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵێکی شارۆچکەی کاسترۆب رۆکسل بە مەبەستی گەڕان بەدوای "مادەی ژەهراوی" کە مەبەست لێی ئەنجامدانی هێرشێک بووە.
 
نووسینگەی داواکاری گشتیی دۆسڵدۆرف و پۆلیس ئاماژە بەوە دەکەن، کەسێکی تەمەن 32 ساڵی ئێرانی "بە ئامادەکردنی کردەوەیەکی تووندوتیژی بە بەکارهێنانی مادەی سایاناید و ریسین بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشێک تۆمەتبار کراوە." هێرشەکەیشیان بە "هێرشێکی ئیسلامی ناوبرد". دەشڵێن، هێرشی لەو جۆرە "هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی" دەکات.
 
هاوکات، بەگوێرەی نووسینگەی داواکاری گشتیی دۆسڵدۆرف، لە ئۆپەراسیۆنی گەڕاندا کەسێکی دیکەشیان دەستگیر کردووە.
 
گومانلێکراوی سەرەکی، "لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەبرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵەر پێش ئەوەی دادگایی بکرێت و سزابدرێت."
 
ئەڵمانیا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، چەند جارێک رووبەڕووی هێرشی بەکۆمەڵ بووەتەوە؛ لە ساڵی 2016دا بارهەڵگرێک خۆی بەنێو مارکێتێکدا کرد و 12 کەسی کوشت و ژمارەیەک کەسی دیکەش برینداربوون.