کوردێک لە ئەڵمانیا شۆفێری شەمەندەفەرە
رووداو دیجیتاڵ
کاپتن عەبدولعەزیز خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و چەند ساڵێکە لە ئەڵمانیا دەژیت. ئەو بوارێکی جیاوازی هەڵبژاردووە بۆ کارکردن، کە شۆفێریکردنی شەمەندەفەرە، لەوانەیە دەگمەن بێت کوردێک لە دیاسپۆرا بدۆزیتەوە ئەم کارە بکات.
کاپتن عەدبولعەزیز لە ساڵی 2016 دوای خراپبوونی دۆخی عەفرین وەک پەنابەر روودەکاتە ئەڵمانیا و وەکو خۆی باسی دەکات، سەرەتا ژیانی لەوێ زۆر قورس بووە، بەهۆی ئەوەی زمان و کولتوور و هەموو شتێک لە وڵاتەکەی خۆی جیاوازبووە، دواتر خۆی فێری زمانی ئەڵمانی کردووە، پاش چوار ساڵ توانی زمانەکە و هەروەها فێری شوفێریکردنی شەمەندەفەر بێت و ئێستا شۆفێری شەمەندەفەرە.
کاپتن عەبدولعەزیز لە ستۆدیۆ میوانی دیاسپۆرا بوو ، لە بارەی کارەکەی گوتی: "چوار ساڵە شۆفێری شەمەندەفەرم و رۆژانە 10 کاژێر شۆفێری شەمەندەفەر دەکەم و 6 مانگ جارێک تاقیکردنەوەی شۆفێری دەکەین".
کاپتن عەبدولعەزیز روونیکردەوە، بەپێی یاساکانی هاتووچۆی ئەڵمانیا زۆرترین کاتی شۆفێری شەمەندەفەری 12 کاژێرە، بۆیە ئەو ناتوانێت لەو 12 کاژێر زیاتر کار بکات.
کاپتن عەبدولعەزیز لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام و تیکتۆک هەوادارێکی زۆری هەیە و رۆژانە ڤیدیۆی کاتی شۆفێریی خۆی لەو دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بڵاودەکاتەوەو کاردانەوەی زۆری هەیە و ئێستا بووەتە کەسێکی نێودار و ناسراو.
کاپتن عەبدولعەزیز دەڵێت: "هەرگیز باوەڕم نەدەکرد رۆژێک لە رۆژان لە عەفرینەوە بێمە ئەڵمانیا و ببمە شۆفێری شەمەندەفەر".