دامەزراوەیەکی کوردی یادی یەک ساڵەی لە قامشلۆوە گواستەوە بەرلین
رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی تی ئۆو کەی، کە دامەزراوەیەکی ئەڵمانی و کوردستانییە و پڕۆژەیەکی بەناوی (زانین ترانسفێر) بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کردووەتەوە، دەیویست یادی یەک ساڵەی پرۆژەکە لە شاری قامشلۆ بکاتەوە. بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی لەوێ هەیە یادکردنەوەکە براوەتە بەرلین.
ئێستا لە سووریا و بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان دۆخێکی جەنگیی سەخت هەیە و دیسان بە دەیان ماڵباتی کورد ناچار بوونە ماڵ و حاڵیان بەجێبهێڵن. کوردی دیاسپۆرانشین، بەتایبەتیش ئەوانەی خەڵکی رۆژئاوان، ئەمڕۆژانە پەرۆشی کەسوکاریانن. هەندێکیشیان بە شێوازی دیکە بە شەڕەکە کاریگەر بوونە. گواستنەوەی یادی یەک ساڵەی پڕۆژەی زانین ترانسفێر یەکێکە لەو نموونانە.
بژین حەسەن، سەرۆکی دامەزراوەی ترانسفێر ئۆف نۆلج (تی ئۆو کەی) پێش لە ستۆدیۆ میوانی دیاسپۆرا بوو لەبارەی یەکەم ساڵیادی دامەزراندنی پڕۆژەی زانین تراسنفێر گوتی: "پرۆژەکە بۆ فێربوونە و تایبەتە بە ژنان و یەکەم جار لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان دەستمان پێکرد و دەمانەوێ ژنانی قامشلۆ زیاتر پەروەردە بکەین، بەتایبەتی لە بواری ئایتیدا".
بژین حەسەن گوتیشی: "ماوەی سێ مانگە هەموو ئامادەکارییەکمان کردبوو بۆ ئەوەی یەکەم ساڵیادی پرۆژەکەمان هەر لە قامشلۆ بکەینەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی رووداوەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان و خراپبوونی دۆخەکە نەمانتوانی بگەڕێینەوە رۆژئاوای کوردستان و ناچار لە بەرلین کردمانەوە".
بژین حەسەن ئاشکرایکرد، بەگشتی دۆخی ژیان لە رۆژئاوا و سووریا خراپە و بەتایبەتی ژنانی رۆژئاوای کوردستان بە زەحمەت کاریان دەستدەکەوێ، بۆیە دەیانەوێ لە رێگەی ئەو فێربوونەوە هەلی دەستکەوتنی کار بۆ ژنان زیاتر بکەن و دەڵێت: "لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە 60 ژنمان پەروەردە کردووە و فێرکردووە و هەروەها پڕۆژەمان بۆ داهاتووش هەیە و هەموو باژێرەکانی رۆژئاوای کوردستانیش دەگرێتەوە".
بژین حەسەن ئاشکرایکرد، ئێستا پڕۆژەکەیان تەنیا ئایتییە و دەیانەوێ فراوانی بکەن و هەروەها پلانیان هەیە پڕۆژەکەیان بۆ کۆچبەرانی باشووری کوردستانیش بەردەست بخەن.
سەرۆکی دامەزراوەی ترانسفێر ئۆف نۆلج روونیکردەوە، لە هەر کۆرسێکی فێربووندا 10 ژن پەروەردە دەکرێن و فێردەکرێن و دوای فێربوونیان چانسی دەستکەوتنی هەلی کارکردنیان بۆ زیاتر دەبێت.