لە بەرلین کۆنفرانسی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردی بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە بەرلین کۆبوونەوەیەکی گەورە بۆ کوردە سەرکەوتوو و کاریگەرەکانی دیاسپۆرا دەکرێت، ئەویش دووەمین کۆنفرانسی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردییە.  
 
د. ئیسماعیل کامل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، بەشێوەیەکی راستەوخۆ قسەی بۆ زنار شینۆ پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا کرد و تێیدا زانیاریی لەبارەی کۆنفرانسەکە بۆ بینەرانی دیاسپۆرا ئاشکراکرد و گوتی: "لە کۆنفرانسەکەی ئەمجارە زیاتر گرنگی بە زمانی کوردی و هەروەها هێنانە پێشەوەی گەنجان دەدرێت و لە کۆنفرانسەکەدا 110 میوان بەشداریی دەکەن  و 25٪ـی میوان و بەشداربووانی کۆنفرانس لە گەنج پێکدێن و دەمانەوێت گەنجی کورد بهێنینە نێو خەباتی دیاسپۆرا".
 
د. ئیسماعیل کامل گوتیشی: "چەند پەرلەمانتارێکی ئەورووپی بەشداری لە کۆنفرانسەکە دەکەن و هەروەها 10 کەسیش لە یەکێتیی سۆڤیێتی پێشوو میوانی کۆنفرانسەکەن".
 
لەبارەی کاریگەریی بەهێزبوونی دیاسپۆرای کوردی لە ئەورووپا د. ئیسماعیل کامل دەڵێت: "ئەگەر دیاسپۆرایەکی بەهێز هەبێت، دۆخمان باشتر دەبێت و کاریگەریی باشتری لەسەر دۆزی کورد دەبێت و دەتوانین هەنگاوەکان زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین لەهەموو روویێکەوە".
 
د. ئیسماعیل کامل ئاشکرایکرد، بەگشتی 18 هەزار کەس ئەندامی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانین و ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە سێ ساڵە خەبات بۆ زمانی کوردی دەکەن.