لە فلیپین پۆلیسێکی هاتووچۆ بە جلی بابانوێل و سەماوە کارەکەی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە، پۆلیسێکی هاتووچۆ شەقامێکی جەنجاڵی مانێلای پایتەختی فلیپینی بە جۆش هێناوە. هەر کە دەوامی دەستپێدەکات، جلی بابانوێل دەکاتە بەری، تاوەکو دەوامەکەی تەواو دەبێت هەڵدەپەڕێت.
رامیرۆ هەموو ساڵێک لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵ ئەم بەزمە دەکات بێ ئەوەی کار لە پیشەکەی بکات.
رامیرۆ هیناژۆس، پۆلیسی هاتووچۆ دەڵێت، "ساڵانە بۆ خەڵک سەما دەکەم. بۆ ئەوەی ماتۆرسوارەکان لەکاتی چاوەڕێکردن لە ترافیک لایت بێزار نەبن. ئەگەر بۆ کەمێکیش بێت خۆشیێکیان پیدەدەم. بە رووخساریانەوە دیارە دڵخۆشن، بای بای دەکەن و پەنجەیان بەرزدەکەنەوە."
هەر کەسێک ئەو رۆژە خەمباریش بێت و بەو شەقامە تێپەڕێت، زەردەخەنە دەکات. ئەمە بە روونی بە شۆفێر و ماتۆرسوارانەوە دیارە.
ئالفی زونیگا، ماتۆرسوارێکە و دەڵێت، "سەیرکردنی چێژبەخشە. ئەو رۆژەی ئەو دەوامی هەیە ترافیکەکە خۆش بەڕێوەدەڕوات."
رامیرۆ بە سەما و هەڵپەڕینی لە دێسەمبەردا دەکەوێتە بەرچاوی زۆرترین خەڵکی مانێلا، چونکە شارەوانی پایتەخت دەڵێت مانگەکە 10٪ جەنجاڵترە لە کاتەکانی دیکەی ساڵدا.