پۆلیسی ئەڵمانیا 25 کەس بە تۆمەتی کودەتا دەستگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا 25 کەس بە تۆمەتی کودەتا و هەوڵدان بۆ رووخاندنی حکومەت و هێرشکردنە سەر پەرلەمان دەستگیر دەکات.
رۆژی چوارشەممە 7-12-2022، پۆلیسی ئەڵمانیا لە هەڵمەتێكدا 25 ئەندامی گرووپێک (کە بە تیرۆریست پۆڵێنکراون) دەستگیر دەکات، کە بە گوتەی داواکاری گشتیی ئەڵمانیا، هەوڵی رووخاندنی حکومەت و هێرشکردنە سەر پەرلەمانیان داوە.
لە راگەیێندراوەکەی داواکاری گشتیی ئەڵمانیادا هاتووە: پۆلیسی فیدراڵی هەڵمەتێکی فراوانی بۆ سەر چەندین شوێنی تایبەت بە گرووپی ناسراو بە 'خایستبورگەر' واتە 'هاووڵاتییانی رایخ' کردووە و 25 ئەندامی دەستگیرکردوون. راشیگەیاند، "ئەو گرووپە تیرۆریستییە ئامادەکاری تەواویان کردبوو بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تووندوتیژانە لە رێگەی کۆمەڵێك چەکدارەوە هێرش بکەنە سەر پەرلەمان."
گرووپی "خایستبورگەر" بە "جووڵەی خایستبورگەر" ناسراون، گرووپێكی راستڕۆیی سیاسین، لە چەند گرووپێکی تووندئاژۆ پێکدێن؛ باوەڕیان بە دەوڵەتیی فیدراڵیی ئەڵمانیا نییە و کار بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی "رایخی ئەڵمانی" دەکەن کە لە نێوان ساڵانی 1871 تاوەکو کۆتایی ساڵی 1918دا لە دەسەڵاتدا بوو.
میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە زیاتر لە 3 هەزار پۆلیس لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر لە 130 شوێنی تایبەت بەو گرووپە.
بە گوێرەی داتاکان، ئەو گرووپە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا کۆمەڵێک لە ئەندامەکانیان پڕچەک کردووە و پلانیان داناوە هێرش بکەنە سەر دامەزراوەکانی حکومەت بە مەبەستی رووخاندنیان و دامەزراندنی "دەوڵەتی" تایبەت بە خۆیان.
لە کۆی 25 ئەندامە دەستگیرکراوەکان، دوویان نیشتەجێی نەمسا و ئیتاڵیا بوون.