پەیمانگەی پانتۆن: رەنگی ساڵی 2023 هەنارییە

 
رووداو دیجیتاڵ

پەیمانگەیەکی ئەمریکی بە ناوی پانتۆن کە نزیکەی 24 ساڵە رەنگی ساڵ دیاری دەکات، ئەمساڵ رەنگی هەناری وەکو رەنگی ساڵ هەڵبژاردووە.
 
پەیمانگەکە ساڵانە لە مانگی کانوونی یەکەم رەنگی ساڵی دواتر دیاریدەکەن، بۆ ساڵی 2023 ئاماژەی بەوە داوە، رەنگی "18-1750 Viva Magenta" کە رەنگێکی سووری تۆخە دەبێتە رەنگی ساڵەکە. هەڵبژاردنی ئەو رەنگە لەسەر بنەمای پێشبینی ئاراستەی کولتوور، هونەر و زانستی ساڵەکە دیاری دەکرێت. 
 
رەنگەکە ئاماژەیە بۆ هێز بەمەبەستی دروستکردنی ژیانێکی ئەرێنی لە داهاتوودا، هەروەها وەکو کۆمپانیاکە ئاماژەی پێداوە، واتای بوێری، گەشبینی، خۆشی، چیرۆک و ژیانی نوێ پێشان دەدات، ئەو رەنگە رەگ و ریشەی لە سرووشتدا هەیە و هاوسەنگی لەنێوان گەرم و سارد پێشاندەدات.
 
دیاریکردنی ئەو رەنگە کاریگەرییان لەسەر بازاڕ و مارکێتەکان هەیە، کۆمپانیاکانی زیاتر هەوڵ دەدەن بەرهەمەکانیان لەو رەنگانەوە نزیک بن. 
 
لۆری پرێسمان، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای پانتۆن دەڵێت، ئەو رەنگە زیاتر هەستی دڵنیاکردنەوە و متمانەبەخۆبوون دەداتە بینەر، ئەوەش بۆ ساڵی داهاتوو کە پێشبینی نائارامی و ناسەقامگیری دەکرێت، رەنگێكی گونجاوە
 
ساڵی رابردوو پەیمانگەکە رەنگی مۆری بۆ ساڵی 2022 دیاریکرد. رەنگی مۆر ئاماژەیەکە بۆ دەربڕینی بیرۆکە و هەست، هەروەها بەشداریکردن و پەیوەندیکردن، لە کاتی راگەیاندنی رەنگەکە ئاماژەی بەوە دابوو، ئەو رەنگە "تیشک دەخاتە سەر ئەو ئەگەرە فراوانانەی کە لەبەردەمماندان".